پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار

ئەمڕۆ دووشەممە 3/11 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە؛

ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.

شۆڕش و خۆڕاگری وقوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت . بە تایبەتی ڕێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی ( عەرەب و کورد ) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.

 بەڵام دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن.

لەم یادەدا ، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/3/11

Back to top button