بەهۆی رێگری کردن لە چوونی پارە بۆ ئێران، لایەنە شیعییەکان لە سوودانی تووڕەن
رۆژنامەی “جیروزالیم پۆست”ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا باسی لە کار و چالاکییەکانی ئەمدواییەی محەمەد شیاع سوودانی کردووە، هاوکات هۆکاری هەڕەشەی لایەنە نزیکەکانی ئێران بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا کردووە و نووسیویەتی سوودانی تاکە بەرپرسی عێراقییە زیاتر لە نیوەی عێراقییەکان متمانەیان پێیەتی.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە بێت، شیعەكان نیگەرانن لە هەنگاوەكانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ كۆنترۆڵكردنی سپیكردنەوە و بردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران و وڵاتانی تر، بەوەش بۆچوونیان وایە سوودانی بە تەواوی كەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەمریكاوە و لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەمیاندا.
ئەو رۆژنامەیە باسی لەوەش كردووە، سوودانی بەهۆی کارەکانییەوە سۆزی عێراقییەکانی بۆخۆی راکێشاوە، بۆ ئەمەش شیعەكان ترسیان هەیە سوودانی هەوڵی دروستكردنی حیزب بدات، بۆیە دەیانەوێت شەقام لەدژی بجووڵێنن و دواتریش وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق رابگەیەنن.