پسپۆڕێکی یاسای گشتی: دادوەرەکەی یەکێتی پێویستە ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندی شەخسی لە پێناو بەرژەوەندی میللەتەکەی وەلابنێ و بکشێتەوە
پسپۆڕێکی یاسای گشتی دەڵێ: دادوەرەکەی یەکێتی پێویستە ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندی شەخسی لە پێناو بەرژەوەندی میللەتەکەی وەلابنێ و بکشێتەوە.
د.هەڵگورد عەزیزخان پسپۆڕی یاسای گشتی، بە دەزگای میدیایی خواکوڕکی راگەیاند:” حاکم عەبدولڕەحمان بە کشانەوەی لە دادگای فیدراڵی بەرژەوەندی میللەتەکەی خستووەتە پێش بەرژەوەندی شەخسی، هەندێک جار یەکجار دەرفەتێک دەڕەخسێت تا مرۆڤ ناوی لە مێژوودا بنووسرێت، دەبێت ئەو حاکمەی لە پشکی یەکێتییە لە دادگای فیدراڵی بڕیارێکی بوێرانە بدات، گوێ بە ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندی شەخسی نەدات، هەندێک هەڵوێست هەن یەک جارە و لەژیان دووبارە نابنەوە.
ئەو پسپۆڕەی یاسای گشتی گوتیشی:” دادگای فیدراڵی لەوەتەی هەیە بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستانن، ناکرێت حاکمێکی کورد لە دادگای فیدراڵی بێت ئەو بڕیارانەی دژی میللەتەکەی دەردەکرێن قبوڵی بکات، ئەو بڕیارانەشی لە بەرژەوەندی میللەتەکەیەتی و ئیهمال دەکرێ پەسەندی بکات.
د.هەڵگورد عزیزخان دەشڵێت: “حاکم عەبدولڕەحمان کەسێکی کوردپەروەرە، کشانەوەی نامەیەکە بۆ دادگای فیدراڵی کە چیتر بڕیارە نادادپەروەرانەکانیان دژ بە هەرێمی کوردستان قبوڵکراونین”.