ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سێ بابەتی گرنگ كۆبوونەوەی هەیە
بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە، بەپێی خشتەی كاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكەمین تەوەری كۆبوونەوەكە، تایبەت دەبێت بە سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، لەم تەوەرەدا گفتوگۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەندامانی حكومەتەكەی دەكرێت.
هەر بەپێی كارنامەكە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی راپۆرتێكی تایبەت بە جێبەجێكردنی (ستراتیژی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) كە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنەكەوە پەسند كرابوو، دەخرێتە روو.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت دەبێت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن وەزیری داراییەوە هەنگاو و رێكارەكانی ئەمدواییانەی وەزارەتەكە و لایەنە پێوەندیدارەكان دەخرێنەڕوو، تایبەت بە مووچەی موووچەخۆرانی هەرێم لە ژێر رۆشنایی دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەخرێتە روو.