سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دۆخی گشتی و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووری هەرێم.

باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێی گرنگی و بایەخی ئێمەیە و بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانی نابێت.

پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگی پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و پێویستی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.

Back to top button