ئەمڕۆ ساڵیادی لەدایکبوونی نەمر مەلا مستەفا بارزانی‌یە

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە رێکەوتی 14 ئاداری 1903 و 121 ساڵ لەمەوبەر، مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە گوندی بارزان لەدایک بووە.

ژیانی منداڵی

مەلا مستەفای بارزانی، ناوی تەواوی ”مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی”یە و لە 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان لەدایک بووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا مەلا مستەفا بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلامی برای گەورەی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی 9 مانگ زیندانی دەکرێت.

سەرکردایەتی کردن

بارزانی نەمر لە ساڵی 1919 بەشداری شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید دەکات و سەرکردایەتی ھێزێکی 300 کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی 1920 لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.
لە شۆڕشەکانی ساڵی 1931- 1932 بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی ”مێرگەسۆر و شێروان”، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازی بەتوانا و شارەزا دەرکرد.

لە ساڵی 1932 حکومەتی عێراقی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانی بەریتانیاییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و رێکخستنەوەیان.
دوای ساڵێک، حکومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی 1936 تا 1943 چالاکی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە راگیرا، تا لە ساڵی 1943 دووبارە بزووتنەوەی گەلی کورد و خەباتی پێشمەرگایەتی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفای بارزانی دەستی پێ کردەوە.

جەنگی جیھانی دووەم

مەلا مستەفای بارزانی توانی دۆخی جەنگی دووەمی جیھانی و کودەتاکەی سەر حکومەتی عێراق کە بە سەرکردایەتی بەکر سدقی بەڕێوەچوو، لە خزمەت دۆسیەی کورد بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بارزان، لەوێ ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتدا پچڕاند و داواکارییەکانی حکومەتە لاوازەکەی بەغدای رەتکردەوە کە داوای دەکرد بزووتنەوە پێشمەرگایەتییەکەی رابگرێت.

 

حکومەتی عێراق بەردەوام بوو لە سازشکردن تا ئەو کاتەی مەلا مستەفا توانی ھەموو داخوازییەکانی ئەو کاتیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوە بوو ژمارەیەک ئەفسەری کورد ئیدارەی ناوچەکەیان بە سەرپەرشتی وەزیرێکی کورد گرتە دەست و دواتر ئەو وەزیرە کوردە و ئەفسەرەکان لەبری حکومەتی عێراق، فەرمانەکانیان لە مەلا مستەفای بارزانی وەردەگرت، شارەزایی سەربازی ئەفسەرەکانیش لە کاروباری سەربازیدا سوودیان لێ وەرگیرا و توانرا ناوچەکە توندوتۆڵ بکرێت و ھێزێکی 2500 کەسی پێشمەرگە پێک بھێنرێت، لە ئەنجامدا حکومەتی بەغدا کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە نەما.

بەڵام دوای ساڵ و نیوێک، حکومەتی عێراق توانی ھێزێکی زۆر کۆبکاتەوە و ھێرش بکاتەوە سەر ناوچەی بارزان، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تا سەرەتای تشرینی یەکەمی 1945، شەڕێکی قورس روویدا و ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی سەختیان کرد، دواتر کشانەوە بۆ ناوچەی (کانی ڕەش) لەسەر سنووری تورکیا.

دەبێتە جەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان

لە 15ی ئابی 1945 لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، بۆیە حکومەتی عێراق دەستی کرد بە دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.

لە 2ی رێبەندانی 1946 لە رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆماری کوردستاندا لە مەھاباد، مەلا مستەفا لە لای دەستە راستی قازی محەمەد وەستابوو، لەوێدا بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ی پێ بەخشرا.

لە ساڵی 1945 و دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھانی و کشانەوەی رووسیا لە ئێران و کۆتاییھاتنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، لە نێوان ھێزەکەی مەلا مستەفا و ھێزەکانی ئێراندا پێکدادان و شەڕ سەری هەڵدا، سەرەنجام ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتی سۆڤیەتی جاران و ماوەی 12 ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە. لە سەرەتاوە مەلا مستەفا لە ‌ئازەربایجان و ئۆزبەکستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە و لەوێ زمانی رووسی و ھونەرە سەربازییەکان و زانیاری ئابووری خوێند. لە 26ی تشرینی یەکەمی 1958دا گەڕایەوە عێراق. ئەویش پاش شۆڕشی 14ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماری راگەیاندبوو. لە کاتی گەڕانەوەیدا رێزێکی زۆری لێنرا و بەشکۆوە پێشوازی لێ کرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ‌ئەیلوولی 1961دا مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا راگەیاند، لە بەگژداچوونی دژی دەسەڵاتدارانی عێراقدا ھەتا 11ی ئاداری ساڵی 1970 بەردەوام بوو.

رێکەوتنامەی ئادار

لە ساڵی 1968 گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان کرا، مەلا مستەفای بارزانی و حکومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان رێککەوتنی ئاداری 1970ی لێ کەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو رێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانی عێراق و زمانی کوردییش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکومەتی عێراق خۆی لە رێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد رێککەوتن و لە ساڵی 1975 رێککەوتننامەی جەزائیریان واژوو کرد.

لە ھەوڵی تیرۆرکردن رزگاری دەبێت

لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 29ی ئەیلوولی 1971، ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی دەدرێت. لەم بارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە: ”لە 29ی ئەیلوولی ساڵی 1971 و دوای ساڵ و نیوێک لە واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاداری 1970ی نێوان کورد و حکومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی گشتی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا.

ھەوڵەکە لە رێگەی شاندێکەوە بوو کە لە 10 پیاوی ئاینی پێک ھاتبوو، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانی بۆ نێوانگیری و راگرتنی شەڕی نێوان شۆرشگێرانی کورد و سوپای عێراق.
شاندی پیاوە ئایینییەکان لە کاتژمێر 4:45 خولەکی ئێوارە، بە دوو ئۆتۆمبێل گەیشتوونەتە بارەگای سەرکردایەتی لە حاجی ئۆمەران.
مێژوونووسە عێراقییەکە دەڵێت: “نازم گزاز، ئامێرێکی تۆمارکردنی دا بە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە و پێی گوت، سەرکردایەتی حیزبی بەعس دەیەوێت گوێی لە گفتوگۆکانی بارزانی بێت. ئەو بەو ئەندامەی شاندەکەی گوتبوو، لە بەردەمی بارزانی دانیشە و ھەر دەستی بە قسەکردن کرد، دەست بە دوگمەی ئامێری تۆمارکردنەکەدا بنێ بۆ ئەوەی دەنگی بارزانی تۆمار بکەی، ئەو کاتەی کە مەلا مستەفا دەستی بە قسەکردن کرد، دەنگێکی بەھێز ھات و دووکەڵ چوو بە ئاسماندا و شووشەی پەنجەرەکان شکان”، بەڵام پیلانەکە سەری نەگرت و بارزانی نەمر لە تیرۆرکردن رزگاری بوو.

نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی

مەلا مستەفای بارزانی لە دوای ساڵی 1975 تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردن دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی دەکات، دواتر تەرمەکەی بۆ کوردستانی رۆژھەڵات دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێت، دوای راپەڕین لە رێوڕەسمێکی گەورەدا رووفاتەکەی بۆ ناوچەی بارزان گەڕێندرایەوە.

ئێستا مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانی بووەتە شوێنێک کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچی دواییکردنیدا نیشتمانپەروەرانی کورد لە تەواوی ناوچەکانی کوردستانەوە وەک نەریتێکی ساڵانە روو لە دەڤەر و گوندی بارزان دەکەن. رۆژانە قوتابییان، مامۆستایان، رۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان وەک رێزگرتنێک لە خەباتی چەندان ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.

Back to top button