میسال ئالووسی: سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌ حیكمه‌تی خۆیان رێگه‌ له‌ به‌رپابوونی شه‌ڕی ناوخۆیی عێراق ده‌گرن

سیاسه‌تمه‌دارێکی دێرینی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاری دادگای ئێرانییه‌ و هه‌موو پێكهاته‌كانی کردووەته‌ ئامانج. هەروەها لە بێهەڵوێستی سەرۆککۆماری عێراق بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌ردەبڕێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 15ـی ئاداری 2024 میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری دیاری سوننە رایگه‌یاند، دادگای فیدراڵی دادگایه‌كی ده‌ستووری نییه و پێش ده‌ستوور دامه‌زراوه‌‌ و به‌ ته‌نیا هه‌رێمی كوردستانی به‌ئامانج نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو هه‌موو پێكهاته‌كانی به‌ئامانج گرتووه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كیشی بریتییه‌ له‌ لێدان سیسته‌می ده‌ستووری و دیموكراسی كه‌ عێراقی نوێی له‌سه‌ر بونیات نراوه‌.

ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوەش دا، جێگەی سەرسوڕمانە سه‌رۆككۆماری عێراق به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی دادگا بێهه‌ڵوێستە و هه‌ر ده‌ڵێی بوونی نییه و هیچ قسه‌یه‌كی نییه‌، له‌ كاتێكدا بڕیارەکانی دادگای فیدرالی خه‌ریكه‌ عێراق ده‌خه‌نه‌ ناو شه‌ڕه‌وه‌‌، و هه‌ندێك له‌ بڕیاره‌كان ناده‌ستوورین و پێویسته‌ سه‌رۆككۆمار ده‌ستوه‌ردان بكات.

ئالوسی گوتیشی، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بڕیاره‌كانی دادگا قبووڵ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر بیه‌وێت عێراق به‌ره‌و ناوه‌ندیه‌تی بباته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ده‌ستوور ده‌ڵێت عێراق فیدڕاڵییه‌. ده‌ستووری عێراق رێگه‌ی به‌ مافی به‌شداری هه‌موو پێكهاته‌كان كردووه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌گه‌ر دادگا رێگه‌ له‌و مافه‌ بكات، كه‌واته‌ عێراق نادیموكراسی و ناده‌ستوورییه‌ و به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت هه‌نگاو ده‌نێت.

میسال ئالووسی ئاشکرای کرد، ئه‌گه‌ر حیكمه‌تی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووایه‌، كورد كه‌ ده‌توانێت بجه‌نگێت و به‌رگری له‌ مافه‌كانی بكات، ده‌یتوانێ شه‌ڕ بكات و مافه‌كانی به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.

جه‌ختیشی لەوە كرده‌وه‌، حیكمه‌تی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی رێگری له‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆیی عێراق ده‌كات و به‌و حیكمه‌ته‌وه‌ هه‌زاران ئاواره‌ و په‌نابه‌ریان له‌ هه‌رێمی كوردستان پاراستووه‌ و ده‌یانپارێزن و مه‌به‌ستیانه‌ په‌ره‌ به‌ پێكه‌وه‌ژیان بده‌ن، له‌و كاته‌ی دادگای فیدڕاڵی كه‌ دادگایه‌كی ئێرانییه‌، دژی ئه‌و حیكمه‌ت و داناییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تییه‌ سیاسییه‌كه‌یه‌تی.

Back to top button