مونا قەهوەچی: نابێت سەرۆککۆمار خەمسارد بێت
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە نووسینێکدارەخنەی توند لە لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق دەگرێت و پێی دەڵێت، “وابزانم سەركۆماری عێراق خەوتووە، چونكە چەندین مادەی دەستووری پێشێل كراون، جەنابیان یەك هەڵوێستیشی دەرنەبڕیوە.”
ئەمڕۆ هەینی 15/3/2024، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لە بابەتێكدا كە لەژێر ناونیشانی (سەرۆککۆمار ئاوا نابێت خەمسارد بێت)دا بڵاوی كردووەتەوە، تییدا هاتووە: “بەپێی دەستوور، سەرکۆمار پارێزەری دەستوورە، بەڵام وابزانم سەرکۆماری عێراق خەوتووە، بۆیە دەڵێم خەوتووە، چونکە چەندین مادەی دەستووری پێشێل کراون، جەنابیان یەک هەڵوێستیشی دەرنەبڕیوە، هەر تەنیا جارێک نەیپرسیوە بۆ؟”
هەروەها راشیگەیاندووە: “باشە ئاشکرایە کە پۆستی سەرۆککۆماریت بە شێوەی کۆتا و بە تەوافوق وەرگرتووە، خێرە ئێستا لە ئاست ئەو نادادی و زوڵمانەی لە پێکهاتەکان دەکرێت، بێدەنگی، باشە سەرۆککۆماری هەموو عێراقی، یان تەنیا خۆت بە نوێنەری لایەنێکی سیاسی دەزانی؟ خەڵکی کوردستان پێویستی بە سەرۆککۆمارێکی راستەقینەیە، نەک ئاوا خەمسارد بێت لە سەرجەم ئەو کێشە و ئاریشانەی بۆ هەرێمی كوردستان و حکومەتەکی دروست دەکرێن، یەک قسە چییە نەیکەی، لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان ئەرکی سەرشانی جەنابتە بێیتە سەر خەت و بەرگری لەو مادە دەستوورییانە بکەیت، کە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە.”
مونا قەهوەچی، لە سەرۆککۆمار دەپرسێت، “لە جەنابت دەپرسم، ئاگاداری رەوشی مووچەخۆرانی لە هەرێمی كوردستان چۆنە؟ ئەگەر هەستی نیشتمانیت هەیە کێشەی کوردستان لەسەر ئەستۆی بەڕێزتانە وەک سەرۆککۆماری عیراق، مەگەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش هەر هاووڵاتی عێراق بن؟” ئایا بەرێزتان ئاگادارن چ غەدرێکی گەورە لە پێکهاتەکان کراوە، چەندین جار هاوارمان بۆ جەنابت کرد، کە بە ئەرکی دەستووریی خۆت هەڵسی و نەهێڵی لە وڵاتەکەت پێکهاتەکان لە پەرلەمان و بەشداریی سیاسی بێبەش بکرێن، ئاوا پارێزەری دەستوور دەکەی؟ ئاوا بەرگری لە سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق دەکەیت؟ بۆیە کاتی ئەوە هاتووە وەک پێکهاتە نەتەوەییەکان بپرسین ئایا پێکهاتەکان فەرامۆش کراون و ژیانیان لە عێراق کۆتایی هاتووە؟ ئایا رێپێدراوە پێشێلی دەستوور بکرێت و لەڕێی دادگاوە پێشێلی مافی پێکهاتەکان بکرێت و رەوشی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان نەهێڵدرێت.”
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان جارێكی دیكە دەپرسێت: “ئەگەر ئێستا لەسەر ئەو هەموو کێشە و پێشێلکردنی مادە دەستوورییەکان قسە نەکەی، ئەی کەی قسە دەکەی؟”