پێشەوا هەورامانی: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە کە چیدیکە قبوڵناکات
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی روونە بیرمان دەخاتەوە هێشتا ئەو عەقڵییەتە لە عێراق ماوە بۆ ئەوەی دووبارە جینۆسایدکردنی گەلی کورد دووبارە بکەنەوە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڵێنەکەی خۆی بەرامبەر بە هەڵەبجەییەکان بردە سەر بە دەستی پڕ سەردانی پاریزگاکەی کرد و کۆمەڵێک پڕۆژەی جێبەجێ کرد و کۆمەڵێک بەڵێنی بەخەڵکی ئەو شارەدا.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی دیکە لەو پارێزگایە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە چەندەها هەلی کار بۆ دانیشتووانەکەی دەڕەخسێنێت، هەروەها حکومەت هەموو کار ئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکات کە بیانەوێت وەبەرهێنان لەو شارەدا بکەن.
هەورامانی ئاماژەی بەوەشدا: هێشتا لەنێو عێراقدا هەندێک عەقڵییەتی شۆڤێنی هەیە ئەگەر هەمان ئەو هێزەی رابردووی هەبێت لەبری مووچەبڕین کیمیابارن دووبارە دەکەنەوە، هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چاویان لەوەبوو کە چۆن کورد لە قاڵپ بدەن.
هەروەها لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی حکومەتی هەرێم گوتی: “ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە کە چیدیکە قبوڵناکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ناتەواوی بنێردرێت، مووچەی شەهیدانی کیمیابارنی بڕدراوە، بەڕاستی نازانم ئەمە چ عەقڵیەتێکە کە بیەێت مووچەی شەهیدان ببڕێت”.
هەوارمانی گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر رێگەیەک بێت هەوڵدەدات بەو نزیکانە مووچەی مووچەرخۆرانی هەرێم دابەش بکات.