راگەیاندراوی فەرمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تیرۆری شوعەیب زراعی
لە راگەیاندراوێکدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تیرۆرکردنی ئەندامێکی حیزبەکەی پشتڕاستکردەوە و تیایدا هاتووە، “هاوڕێی تێکۆشەر «شوعەیب زارعی» پێشمەرگەی ئازا و ئەندامی دڵسۆز و هەڵسووڕاوی کۆمەڵە، بە دەستی رەشی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا”.
دەقی راگەیاندراوەکە:
راگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە تێرۆری هاورێ شوعەیب زارعی
بە ئاگاداری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە دەگەیەنین کە بەداخ و کەسەری زۆرەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 26ی رەشەمە و لە بەرەبەری رۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵەدا، هاوڕێی تێکۆشەر «شوعەیب زارعی» پێشمەرگەی ئازا و ئەندامی دڵسۆز و هەڵسووڕاوی کۆمەڵە، بە دەستی رەشی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا.
ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، بەناوی سەرجەم ریزەکانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی نوێترین شەهیدی رۆژهەڵات، هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەکەین. دەستبردن بۆ تیرۆر و تۆقاندن و سەرکوت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناتوانێ ورەی بەرزی خەبات و تێکۆشانمان دابەزێنێت و ئێمە لەسەر پێداگری لە خواستە رەواکانمان و گەیشتن بە ئامانج و ئاسۆمان سوورتر دەکات.
بێگومان هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی درێژەپێدەری رێباز و رێگای پڕ لە شانازییەکەی دەبن و ئەم تاوانە لەبیر ناکەن. چاوەڕوانیشمان لە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە دەستی رەش و نەگریسی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی باشوور کورت بکەنەوە و پارێزەری رۆڵەکانی رۆژهەڵات بن.
یاد و ناوی ئازیزی هاوڕێ شوعەیب بەرز و بەڕێز و رێگای پڕ رێبوار
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندی
26ی رەشەمەی 1402ی هەتاوی
16ی مارسی 2024 زایینی