حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرشەیەکی گرنگی بۆ گەنجانی گەرمیان کردەوە
لەچوارچێوەی کار و پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئاداری 2024، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم وەرشەی بەرهەمهێنانی قارچکی لە گەرمیان کردەوە.
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەکاتی کردنەوەی وەرشەکە رایگەیاند، وەرشەکە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراوە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەرگاکەی دەکرێتەوە بە رووی گەنجانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ ئەوەی لێرە فێرببن چۆن قارچک بەرهەم بهێنن تاکو ببنە خاوەن شوێنکاری خۆیان و بتوانن بەرهەمی قارچک بخەنە بازاڕەکانی کەلار، کفری ، باوەنوور و گەرمیان بەگشتی.
هەروەها ئاشکراشی کرد، “وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگی زۆرمان داوە بە بابەتی گەنجان و بێکاری لەم رووەوە ئێمە 10 سەنتەری راهێنانی پیشەییمان هەیە کە 3 سەنتەریان لەم کابینەیەدا کراوەتەوە. و لەم چوار ساڵەی تەمەنی کابینەکەمان 9817 گەنج خولە جیاجیاکانیان بینیوە کە زیاتر لە 600 سەد خولمان کردووەتەوە بۆ گەنجان. 51% لە رەگەزی مێ بوون 49%یان لە رەگەزی نێر بوون”.
کوێستان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی بەدواداچوونەکانی وەزارەتەکەیان 30% ئەو گەنجانەی بەشداری خوولە جیاجیاکانی ئەوانیان کردووە ئێستا خاوەنی شوێنکار و پیشەی خۆیانن لەگەڵ خۆشیان چەند گەنجێکیان خستووەتە سەر کار.
“جگە لە بابەتی راهێنانی پیشەیی و دۆزینەوەی کار بۆ گەنجان بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە رێی بەڕێوبەرایەتییەکانی کاری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکانی دەستەبەری بە دواداچوونی کردووە بۆ مافەکانی کرێکاران بە تایبەتی دەستەبەرکردنیان و دواجار خانەنشین کردنیان بۆیە ئێمە بە بەردەوامی کارمان کردووە بەوەی کە چۆن کرێکار مافی بپارێزین چۆن کرێکار وەک کەسێک لە کەرتی گشتی هەموو مافەکانی هەبێ لە کەرتی تایبەت”، کوێستان محەمەد وای گوت.