پارێزگاری هەولێر فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەخاتە ئامادەباشییەوە

دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاندکە رۆژی 19ی ئادار شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، پارێزگاری هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی راسپارد کە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو لە ئامادەباشیدابن.

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئاداری 2024، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت له‌گه‌ڵ قائیمقام و بەرپرسانى فه‌رمانگه‌ خزمەتگوزارییەکان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بەڕێوەچوو، سەبارەت بە رەوشی کەشوهەوا  و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو رێژە بارانبارینەى کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت.

دواى هەڵسانگدن بۆ رەوشەکە، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوەدا کە بەهۆى ئەو هەوڵ و کار و پرۆژانەى کە لە ماوەى ساڵانى رابردوودا و بەر لەوەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لەپێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى لە سنوورى پارێزگاکەمان ئەنجامدراوە، تواندراوە لە شارى هەولێر مەترسیەکانى لافاو کەمبکرێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بەو شەپۆلی باران و تەرزەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بگرێتەوە، و دواى پێشکەشکردنى راپۆرتى کەشناسى لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتی کەشناسى و پێشبینییەکانیان بۆ رەوشى کەشوهەواى چەند رۆژى داهاتوو، کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەى لاى خوارەوە:-

یەکەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکى عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.

دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوەڕۆ و ئاودێرى، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەى رێڕەوەکانى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).

سێیەم/ سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و رووداوێکى چاوەڕوان نەکراو.

چوارەم/ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتى پاراستنی رێگا و بانی هەولێر، وەک پێشوتر لەسەر رێگا گشتی و سەرکییەکانى دەرەوەى شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوەی رێگا سەرەکییەکان.

پێنجەم/ (ئاسايش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.

شەشەم/ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنى هەر رووداوێک و دروستبوونى هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکى نەخوازراو.

حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتیەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەى رێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورسى کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانى سنوورەکانیان بەرپرسیارن.

هەشتەم/ داواى لە هاوڵاتییان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکانبن و پابەندی رێکار و رێنماییەکان بن، لەحاڵەتى باران بارینى زۆر نزیکى رووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.

نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەر خەمییەک لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان هەریەکه‌ و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیار دەبێت.

Back to top button