بارزان عەلی حەمە: یەکێتی و هەموو حیزب و دەستەوتاقمە هاوشێوەکانی هەموو شتێک بۆ بەغداد ئەکەن بەس بۆ ئەوەی بەغدا شتێکیان بۆ بکا، بەغدادیش ئەڵێت ئەگەر پارتیشم بۆ بێنن ئینجا وەرتان ئەگرم

جارێکیان تەکلیفم بۆ کەسێک کرد کە لە شوێنێک کاری بدەنێ، شوێنەکە میدیایی بوو، مدیرەکە وتی ئەی بۆ خۆیشت نایەیت؟ ئەگەر خۆیشت ئیشمان لەگەڵ بکەی جا ئەویش وەردەگرین. وتم وەڵا من تاقەتم نییە، وتی دەی وەڵا ئەویشمان ناوێ!

جا یەکێتی و هەموو حیزب و دەستەوتاقمە هاوشێوەکانیشی لای بەغداد ئاوان، هەموو شتێک بۆ بەغداد ئەکەن، بەغداد ئەڵێت ئەگەر پارتیشم بۆ بێنن جا ئێوەش وەر ئەگەرم. بۆیە هەموو ئەوانەی کە دژی پارتین، دەقیڕێنن و جنێو بە پارتی ئەدەن کە بۆچی لەگەڵیان ناداتە پاڵ بەغداد تا ئەمانیش شتێک وەربگرن و شتێکیان بۆ بکرێت؟!

جا شتێکی تر بڵێم ڕەنگە لە ڕووی عایلەیشەوە زەرەر بێت. ئەوە ماڵی ئێمە هەموویان یەکێتین. دایکم دەروێشانە بەشوێن کۆمیتە و مەڵبەندیانەوەیە، قەتیش هیچیان بۆ ناکەن، جارێکیان دایکم وتی: هەمووی خەتای تۆیە کە یەکێتی هیچ بۆ ئێمەش ناکات، ئەگەر تۆش یەکێتی بوویتایە، بۆ ئێمەش باش بوو. وتم نەوەڵا وا نییە، ئەوە خۆتان لای یەکێتی هیچ نین، ئەتانەوێت منیش ببم بە یەکێتی، بەڵکو بۆ ئێوەش باش بێت.

ئەوجا دەقیقەن حاڵی یەکێتی و هەموو ئەوانەیشی خۆیان پێ موعارەزە و دۆستی بەغدایە، ڕێک ئاوایە، خۆ ئەوان بۆ بەغداد هیچ تەقسیرییەکیان نییە، بەڵام بەغدا ئەڵێت بڕۆن پارتیش بێنن جا شت بۆ خۆیشتان ئەکەم.

ئەوجا بە برای خۆم بڵێم، ئێستا ئێمەی کورد دوو جۆر مامەڵەمان هەیە لەگەڵ بەغداد، مامەڵەیەکیان هی یەکێتی و حولەفاکانییەتی، بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەغدادن و بە موو لە سیاسەت و ئارەزووەکانیان لا نادەن، کەچی بەغداد هەر هیچیان بۆ ناکات. مامەڵەیەکی ترمان هەیە هی پارتییە، گوایە لەگەڵ بەغداد نییە و پێچەوانەی خواستی ئەوانە، ئەمیش هەر هیچی لەلایەن بەغدادەوە پێ نادرێت.

واتە ئێستا ئێمە بەغدادێکمان هەیە، وەک یەکێتیش لەگەڵی بیت هەر هیچت بۆ ناکات، وەک پارتیش لەگەڵی نەبیت، هەر هیچت بۆ ناکات. ئیتر تێناگەم فەلسەفەی لەگەڵ بەغداد بوون چییە و سوودی چییە؟!

هەر بۆیە پارتی بۆ ئەوان وەکو باوکی بوکێیە، هەتا ئەو ڕازی نەبێت مەلا مارەیان ناکات ئیدی ڕۆستەم بۆ بەغداد بە عەردا دەیت، هەتا پارتیش ڕازی نەکەی بۆیان، هیچتان بۆ ناکەن…

Back to top button