سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەولەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستیان ریتچەر، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
سەرۆکی تیمی یونیتاد ، سوپاس و پێزانینی خۆی و تیمەکەی بۆ هەماهەنگیی و هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی یونیتاد دەربڕی لە سەرخستنی کارەکانی تیمەکە لەبواری کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و بەدیجیتەڵکردنی بەڵگەکانی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و کارکردن بۆ دادگاییکردنیان لەسەر تاوانەکانیان.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگی پاراستنی مافی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی دەستی داعش و قەرەبووکردنەوەیان و بەردەوامبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە تاوانبارانی داعش، لەسەر تاوانەکانیان کە تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتین دادگایی بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش ، حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە هاریکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.