داوا لە هاووڵاتییانی هەولێر دەکرێت بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە

پارێزگای هەولێر کەمێک پێش ئێستا راگەیەنراوێكی لەبارەی رەوشی كەشوهەوا بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، لە كاتژمێر 1:00 تا 6:00 ئێوارە بارانی بەخوڕ دەبارێت و داوا لە هاووڵاتییان دەكات لە ماڵەكانییان نەهێنە دەرەوە.

بەپێی پێشبینی کەشناسی و شارەزایان، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2024.3.18، لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ تاکو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، بارانێكی به‌خوڕ و ته‌زره‌ی زۆر لە ماوەیەکی کەم دا، لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەبارێت.

لە راگەیەنراوەكەی پارێزگاری هەولێر هاتووە. ئەگەرچی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و بەڕێوەبردنی حاڵەتی ئەو ڕێژە بارانبارینە زۆرەی ئەمڕۆ و کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە، لە ماوەی ڕابردووشدا بە هۆی داڕشتنی پلان و بەرنامە و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە و ڕێگه‌چارەسەریی پێویست لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕوودانى لافاو و هۆکارەکانى، کە بەهۆیانەوە تا ئاستێکی زۆر مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو لە شارەکەمان کەمبۆتەوە.

راشیگەیاندووە:” لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان ئاگادار دەکەینەوە لەو ماوەیەدا واتا لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تاکو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیێنە دەرەوە و نزیکى ڕووبار و ئەو شوێنانەش نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە و ئاگاداری سه‌لامه‌تی خۆیان بن، هەموو ئەو ڕێگا و شوێنانەشی کە پێشووتر لەلایەن لایەن پەیوەندیدارەکان ئاگاداری بڵاوکراوەتەوە، ئوتۆمبێلەکانیان ڕانەگرن و بەکاریان نەهێنن.

Back to top button