بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: مەترسیدارترین تۆڕی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە 14 تۆمەتباریان بە بڕی 23 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کردووە.
دەقی راگەیاندراوەکە:
راگەیەنراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە.
– (14) تۆمەتبار دەستگیرکران و هاوکات بڕی (23) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا.
لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مەترسی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دواتر وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لەسەر زانیاری بەرێوەبەرایەتیمان، و لە رێکەوتی 28-2-2024، تێمێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکانی کەرکووك، لە زنجیرەیەك چالاکی یەك بە دوای یەکدا کە زیاتر لە دوانزە رۆژی خایاند، توانرا تۆڕێکی گەورەی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێن پێکهاتبوون لە (14) تۆمەتبار.
هاوکات لەم زنجیرە چالاکیەشدا بڕی (23) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەناو شاری کەرکوك دەستی بەسەرداگیرا.
ئەم تۆڕەی کە دەستگیرکراون بە یەکێك لە مەترسیدارترین تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بۆسەر شاری هەولێر و دهۆك و زاخۆ دادەنرا کە هەفتانە بڕێکی زۆری ئەم ماددە هۆشبەرانەیان بۆ هەرێم رەوانە دەکرد و گەنج و لاوی کوردییان بەهۆیەوە لەخشتە دەبرد.
وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم چالاکییە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رابگەیەنرێ.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان
19ی ئاداری 2024