نیاز حاجی: ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ناراستەوخۆ گومانیان لەبەپاکی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیێنێت : ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ناراستەوخۆ گومانیان لەبەپاکی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە لەژێر چاودێری ئەم کۆمسیۆنەی ئێستا و بڕیارە نادەستووریەکانی دادگای بەناو فیدڕاڵی
نیاز حاجی، نووسەر و چاودێری سیاسی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی:” دوای بڕیاری پارتی بە بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن، ئەگەر بەوردی لەهەڵوێستی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بڕوانین، سەرەڕای نیگەرانیان، زۆر بەڕونی هەمان ئەو خاڵانە دەبینن کەلەبەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی هاتووەو لەهەردوو بەیاننامەی ئەوانیشدا بوونی هەیە، ئەوانیش ناراستەوخۆ گومانیان لەبەپاکی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە لەژێر چاودێری ئەم کۆمسیۆنەی ئێستا و بڕیارە نادەستوریەکانی دادگای بەناو فیدڕاڵی،
ئەو نووسەرە دەشڵێت:” هەرچەند هەندێک میدیاو ماڵپەڕی کوردی سەر بەبەرەی مقاوەمە ویستیان خەڵک چەواشە بکەن بە هەردوو بەیاننامە کە گوایە ئەوان واتا ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان دژی ئەو هەڵوێستەی پارتین ، بەڵام دەرکەوت پێچەوانەکەی راستە!
هەروەها نووسیوویەتی:” پارتی لەیەکەم هەڵوێستیدا لەفڕێدانی ئەو باڵۆنە تاقیکردنەوەیە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەدەنگەوە هاتن لەلایەن عێراقەوە نەبێ بۆ ئەو هەڵوێستەی پارتی و لێی تێنەگەن، ئەوا هەڵوێستی تری توندتری لەلایەن پارتیەوە بەدوادادێت.
نیاز حاجی زیاتر نووسیوویەتی :” پاراستن و بەردەوامی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنها لەئەستۆی پارتی ماوەتەوە، ئەوانەی تر یان بێ هەڵوێستن یانیش لەسەنگەری بەرەی مقاوەمەتدان لەدژی قەوارەی هەرێم، ئەرک و رۆڵیان دیاریکراوەو بەکەس پەردەپۆش و چەواشە ناکرێت.