هاکان فیدان: داوا لە یەکێتی دەکەین واز لە هاوكاریكردنی پەكەكە بێنن و وەک جاران دۆستایەتی لەگەڵ تورکیادا بکەنەوە
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، مکوڕی وڵاتەكەی لەسەر نەهێشتنی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات کردەوە و داواشی لە یەكێتی كرد واز لە هاوكاریكردنی پەكەكە بێنن و وەک جاران دۆستایەتی لەگەڵ تورکیادا بکەنەوە.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: ”هیوادارین دۆستەكانمان لە سلێمانی بەر لەوەی كار لە كار بترازێ لە گرتنە خۆ و پاڵپشتی و هاوكاریكردنی چەكدارانی پەكەكە پاشگەز ببنەوە و وەك پێشتر دۆستایەتی لەگەڵ توركیادا بكەنەوە و بەرەو ئایندەیەكی هاوبەش هەنگاو بنێین.“
ئاشکراشی کرد: ”ئایندە لەگەڵ هەولێر و سلێمانی و كەركووك و مووسڵ و بەغدا بونیاد دەنێین و هیچ شوێنێك بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان لەوێ جێی نابێتەوە(مەبەستی پەکەکەیە).“
زیاتر فیدان گوتی: ”تۆ چی لە من چاوەڕوان دەكەی، كاتێ هاوكاری دوژمنەكەم دەكەی؟ ئێمە لەم بوارەدا راشكاوین و ئەركی منیش ئەوەیە نەهێڵم دوژمنەكەم سوود لە تۆ وەربگرێ. من ئەوە ئەكەم، كاتێكیش دەیكەم، تەڵەت بۆ دانانێمەوە، بەڵكو رووبەڕوو پێت دەڵێم.“
وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەشی نەشاردەوە، كە خەڵكی سلێمانی دۆست و هاوسۆزی توركیان، سەركردایەتی یەكێتیش لە بەرژەوەندییاندا نییە هاوكاری پەكەكە بكەن.
جەختیشی لەوە كردەوە، كە پەیوەندی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ پەكەكە نەك هەر كێشەیە بۆ بۆ توركیا، بەڵكو هەڕەشەیە لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی توركیاش، بۆیە وڵاتەکەی هەموو ئامرازە سیاسییە دەرەكییەكانی بەردەستی بەكار دێنێت، بۆ ئەوەی هەڕەشەكە نەهێڵێت.
وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەش دا، كە پەكەكە سەرەڕای ئەوەی خۆی بە دوژمنی توركیا دەزانێ، بەڵام نەیتوانیوە یەك بستە خاك لە خاكەكەی داگیر بكات، لەکاتێکدا رووبەرێكی فراوانی خاكی سووریا و عێراقی داگیر كردووە، و زیاترین زیانی لە عێراق و سووریا داوە، چەندین جاریش لایەنی عێراقیان لەوە ئاگادار كردووەتەوە و دیدارەكانیشیان لەسەر ئەو پەیوەندییانە بەردەوامە.
هاكان فیدان نەیشیاردەوە، كە ئەنقەرە و تاران و بەغدا سەبارەت بە گەشەپێدانی ناوچەكە گفتوگۆ بكەن، جەختیشیکردەوە توركیا هەموو ئامرازەكانی سیاسی دەرەوە بەكار دێنێ، بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری هەرێمایەتی. هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر گەشەپێدان لە ناوچەكە نەبێ، ئەوا دیاردەی كۆچ و تاوان و تیرۆر دروست دەبن.
سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی رەجەبەن تەیب ئۆردوگان بۆ بەغدا و هەولێر لە مانگی نیسانی داهاتوودا گوتی، كە توركیا دەیەوێ چەند رێككەوتننامەیەك جێبەجێ بكا و هەندێكیشیان لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا دابڕێژێتەوە، بەر لە وادەی سەردانەكە.
روونیشیکردەوە، كە دۆسییەكان تەنیا بابەتی ئەمن و ئاساییش ناگرنەوە، بەڵكو بوارەكانی دیكەی وزە و ئاو و كشتوكاڵ و ئیدارەدانی خاڵە سنوورییەكان و چەند دۆسیەیەكی دیكە دەگرێتەوە، لەناویشیاندا هاوكاری هەرێمایەتی.