سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەكات
رۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا رومەنسکی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتەكان، نیگەرانی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسیەكان دەربڕی و داواشی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینیەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەر بكەن.
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچوونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان روونکردەوە كە هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی رابردوو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی 1991 داوای كردووە كە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ. پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە ترسی لە هەڵبژاردن نیە بەڵكو تێبینی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداری پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بە بیانووی جۆراوجۆر دووساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمیان كەم كردەوە. هەروەها بە شێوەیەکی نا دەستوری و نا یاسایی بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گوڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و پێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێم پێشێل نەکرێن.
لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دا وە ئەوەی خستەڕوو كە رێككەوتنێكی روون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە كە بەداخەوە هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو رێككەوتنامەیە جێبەجێ نەكراوە. رێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بوو كە سەقامگیری بێتە دی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران. سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە كە لە راوێژ و هەماهەنگی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.