پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەداخەوە خەڵکی کوردستان بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2724 ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانييان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم و هیوای شادی و کامەرانیان بۆ دەخوازم.

نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان، هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە.

رێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانی گەمەی سیاسی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم وبێدادییەک بێت کە بەرامبەر گەلی کوردستان دەکرێت.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و شادیدا بژین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/3/20

Back to top button