مه‌سرور بارزانی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆداین بۆ چاره‌سه‌ركردنی مووچه‌ لە چەند رۆژی داهاتوودا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: هیچ ساڵێک لە هیچ شوێنێک وەک ئاکرێ یادی جەژنی نەورۆز نەکراوەتەوە و دەمانەوێت ئاکرێ ببێتە بنکەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز.

لە وتارەکەیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانەی لە لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ گیانیان لەدەستدا كرد و ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوە و کەمکردنەوەی ئازاری ئەوانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها مەسرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستان كرد سه‌باره‌ت به‌ پرس و کێشەی مووچەوە كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دروستكراوه‌ و رایگەیاند: هەرچەندە کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە و دڵنیاییش دەدەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لەسەر هێڵم و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەربکرێت و چیتر نەبێتە گرفت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: نەورۆز رۆژێکی مێژوویی و نەتەوەییە و لەم رۆژەدا پەیمان دەدەینە خوای خۆمان و بەڵێن دەدەینە خوێنی شەهیدان کە بەرگری لە ماف و ئازادی و دەستەکەوتەکانی خۆمان و کیانی کوردستان بکەین و رووبەڕووی ستەم و بێدادی و گەندەڵی و نادادی دەبینەوە.

Back to top button