بارزان عەلی حەمە: هیچ هەنگاوێکی دادگای فیدڕاڵی زەرەر نین بۆ یەکێتی تەنانەت هەرێمی کوردستانیش هەڵبوەشێنێتەوە، نابێتە مەترسی بۆ وجودییەتی یەکێتی! ئیتر بۆ دژی بێت؟

دادگای فیدراڵی هیچ زەرەرێکی لە یەکێتی نەداوە، چونکە هیچ هەنگاوێکی دادگاکە زەرەر نین بۆ کەرەستەکانی سیاسەتکردنی ئەو حیزبە! تەنانەت هەرێمی کوردستانیش هەڵبوەشێنێتەوە، نابێتە مەترسی بۆ وجودییەتی یەکێتی! ئیتر بۆ دژی بێت؟ خۆ لە ڕاستیدا دادگای فیدراڵی دژی پارتییش نییە، بەڵکو هەنگاوەکانی دژ دەبێتەوە لەگەڵ ئەو کەرەستانەی کە پارتی مانەوەی خۆیی لەسەر بینا کردووە.

پارتی دەستی بە قەزییەی قەومییەوە گرتووە و خۆیی لەسەر مانیفێست کردووە (ئەگەر درۆش بکات، هەر حیزبێکی قەومییە!) بەڵام یەکێتی ڕاستیش بکات (هەر حیزبێکی قەومی نییە!) کوردستان و دەوڵەت و مەسەلەی قەومی کەرەستەی مانەوەی پارتین بەڵام کەرەستەکانی مانەوەی یەکێتی نین!

یەکێتی حیزبێکی چەپە، خۆ ئەگەر زەختی لێ نەکەیت و ئیحراجی نەکەیت، هەر حەقی نییە بەسەر مەسەلە قەومییەکانەوە. ئەمە بۆ حیزبی شوعیش ڕاستە، بەس بچوک و بێ کاریگەرە بۆیە ناکەوێتە بەر باسان. گریمانەی ئەوە بکە زۆر بەباشی فەلسەفەی حیزبی شوعی جێبەجێ کرا؟! ئێ کوبای پێ دروست دەکرێ، هی یەکێتیش وایە.

بۆیە کە دادگای فیدراڵی هەنگاوێک دەنێ، پارتی پێی تووڕە ئەبێت، بەس یەکێتی و هیچ حیزبێکی تر نا. چونکە هەنگاوی دادگاکە دژ بەو کەرەستانە نین کە یەکێتی و هەموو حیزبەکانی تری لەسەر بینا بووە!

خۆی مرۆڤ وەکو تاکیش، یان کێشەی هەیە یان قەزییە. تۆ کە کارەبا و معاشت نییە، ئەمانە کێشەن کە تۆ هەتن، بەڵام کە دەوڵەت و ئاڵا و شکۆ و ئازادی و هتدت نەبوو، کەواتە قەزییەت هەیە. جا ئەوەی کێشەی هەیە، ململانێی قوڵی نییە، بەڵکو گلەیی و گارەگاری زۆر ئەبێت! ئەوانەی قەزییەیان هەیە لە نێو چەقی ململانێ قوڵەکانن. هەر بۆیە بەغداد ئەتوانێت بە ئاسانی یەکێتی ڕازی بکات، بەڵام بەو ئاسانییە پارتیی بۆ ڕازیی ناکرێت.

پارتی قەزییەی کردووە بە کەرەستەی سیاسەتکردن، بەڵام یەکێتی کێشەی کردووە بە کەرەستەی سیاسەت کردن. ئەمە بۆ گۆڕانیش وابوو، بەردەوام تۆپەڵێک کێشەی بەناوی میللەتەوە ئەژمارد و وجودی خۆیی پێوە دەبەست، جا کە هەندێ لە کێشەکان کە نەمان یان گۆڕان بۆ کێشەی نوێ، فەلسەفەی مانەوەکەیان لە کار کەوت.

ئەمە بۆ شاسوار و عەلی و هەموو موعارەزەکانی تریش ڕاستە. ئەڵێن معاش هەبێ و جادە چاک بکرێ و کارەبا هەبێ و هتد، خۆ گەر هەلومەرج بڕەخسێ کە ئەم چەند شتە چاک بکرێ، ئیتر بیانووی مانەوەی ئەوان نامێنێ و یەکسەر ئەبێت کۆمەڵێک کێشەی تر بژمێرن یان دروستی بکەن! بەڵام پارتی بەردەوام یەک قەزییەی بە دەمەوە گرتووە، قەزییەی کورد! نە کۆن ئەبێ و نە لە کار ئەکەوێ! ئەگەر معاشیش بە باشی لە بەغدادەوە بێت، هێشتا قەزییەکەی لەگەڵ بەغداد یەکلایی نابێتەوە!

هەر بۆیە ئێستا بەو دیدگا یەکێتییانەوە لێی بڕوانیت، کورد لە ئێران هیچ کێشەیەکی نییە، چونکە معاش و کارەبا و جادە و غازی لولەکەشیشی هەیە. بەڵام بە دیدگا پارتییانەکە لێی بڕوانیت، کورد لە ئێران قەزییەی هەیە! جا قەزییەش شۆڕشی پێ دەکرێ و کێشەش تەنیا خۆپیشاندانی پێ دەکرێت!

جا بۆیە بەردەوام ئەحزابی سلێمانی، هەرچی فکر و فەلسەفەیانە بەکاری دەهێنن، هاندانی مامۆستایانی ڕازی و ناڕازی، کەمئەندامان، بایکۆتی مرور، عەزێتدانی پیرەمێردی تەقاوت لە سەرەی تەقاوتی، کەچی پێیان ناکرێت بە شۆڕش، بەڵکو لەوپەڕیدا خۆپیشاندانێکی بچووک بە هەوڵ و هاندانێکی زۆرەوە، دەکەن بە خۆپیشاندانێکی گەورە. چونکە قەزییەیان نییە قەزییە!

Back to top button