نامەیەك لە ڕیفراندۆمچییەكەوە بۆ خاكفرۆشان

1- پار، پێرار؛ ساڵانی بەری هەتا دنیا حەز دەکا، لەم دەمەدا ئێوە خەریكی خاكفرۆشییەكی گەورە بوون. نەتەوەش هێشتا مەستی ئەو دەنگدانە مێژووییە بوو بۆ ئازادی لە پاشكۆیەتی و پەراوێزبوونی میژوو. هەردووكیان تۆمار دەكرێن: خیانەت بۆ ئێوە و نشوستی بۆ نەتەوە. بەڵام، سەرشۆڕی بۆ ئێوە و سەربەرزی بۆ نەتەوە. پیرۆزبایی لە هەردووكتان دەكەم، ئەمڕۆ لە دوو یادی جیاوازدا دەژین..

2- لەوساوە تا ئێستا، ئێمە لەسەر خاكی خۆمان، “سالم”ئاسا، برینی جەستە و ڕۆحی خۆمان دەلێسینەوە و ئێوەش پاساوی قۆشمەئاسا بۆ وڵاتفرۆشی دەهێننەوە. وەلێ ئەمە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت: ئێوە وەك ناپاكانی مێژوو دەمێننەوە و ئێمەش وەك قوربانی و لە نیشتمان نامۆكراو. سوپاس كە واتان كرد، قوربانییەكان سووربن لەسەر هەڵبژاردنەكەیان و زیاتر پشتی یەكتر بگرن. سوپاس لە ڕۆحمەوە، كە واتان كرد بۆ هەمیشە بكەونە بەر نەفرەتی مرۆڤایەتی و كوردە وڵاتدۆستەكانی سەراپای جیهان، ڕاستە ئێوە لە دنیای لۆكاڵییدا ناپاكیتان كرد، بەڵام جیهان بەو ناپاكییەی ئێوەی زانی، بۆیە وا بیرمەكەنەوە كە مرۆڤایەتی و كوردەكان لە بیرتان دەكەن، چونكە لەبیركردنتان نیشانەی سەركەوتنتانە لە هاندانی خەڵك بۆ ئاساییكردنەوەی ناپاكییەكەتان و سپییكردنەوەی ڕووخسارتان، ڕووخسارێك كە زمان هەڵدێنێتەوە و چاو دەپیتێنێ و نیگا دەكات، دەمێك كە دێتە گۆ و قۆشمەجاڕی لێوە دەڕژێ، ئەو شەرمەزارییە ناخەكییە دەهێنێتە دەرەوە كە ئێوە تیایدا دەژین. خوڕ خوڕ و خەست خەست لە هەر نیگایەك و لێوەلەرزەیەكتان دێتە خوارەوە شەرمەزاری بەبێ ئەوەی وشكایی دایەت لە شوێن و كاتدا، وەك ئەوەی ئێوە لە ئەزەلەوە بۆ ئەبەد بۆ ناپاكی خولقابن..

3- هیچ پاساوێك بۆ خۆفرۆشی و خاكفرۆشی نییە، جگە لەو خۆكوژییەی كە میژوو بە “خیانەت” وەسفی دەكات. هەرچەندە وشەكە كوردی نییە، بەڵام ناچارم بەكاری بهێنم، تا بەو زمانە خیانەت لەسەرتان تۆمار بكرێت، كە زمانی داگیركارییە. ئێوە خۆتان كوشت، لە كاتێكدا من دەمویست بۆ پاساودانەوەی كارە بەدەكانی ڕابردووتان، بەشێك لەو شانازییەتان پێ ببڕیت، كە هەر كوردێك لە ناخی خۆیدا هەستی پێدەكات. ڕیفراندۆمچییەكان لەم قسەیە باش تێدەگەن و ئەوانەش كە چەواشەتان كردن، لە ماناكەی حاڵی دەبن، بەڵام خۆیان لە قەرەی ناوەڕۆكەكەی نادەن، ئەوانیش بە دەمامكی فەیسبووكییانەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە تا ڕۆژێك دێ، خۆیانمان لێ بكەنە شۆڕشگێڕ و داوامان لێ بكەن، ساڵانی بێدەنگییان بە خەباتی نهێنی بۆ ئەژمار بكەین و پلەی سەربازییان بدرێتێ لەپای ئەو هەدادانەیاندا!.

4- سوپاس بۆ ئێوە كە ئێستا باشتر لە هەر كاتێك دەتانناسم. ئیتر پێویستیم بەوە نییە بچمەوە ناو میژووی بابان و سۆران و ئەردەڵان، تا ڕووخساری ئێوە لە شێوەی خزمەتكار و جاسووس و دەستەندەخۆری سەفەویی و قاجاریی و عوسمانیدا، بناسمەوە. ئێوە هەمان ئەركتان بۆ دوژمنان لەم سەردەمەدا كێشا، كە هاوخوێنە ناپاكەكانتان لە سەدەكانی پێشوودا ئەنجامیان داوە، من ئێستا باشتر دەتانناسم، چونكە ئامادەییتان لەناو مێژووی هاوچەرخ و خەونی بوون بە نەتەوەدا، هەمان ناپاكی و خۆفرۆشیی سەدەكانی پێشووتری هاوخوێنە ناپاكەكانی، بیر خستمەوە.

5- بۆیە یادی خیانەتكاری و خاكفرۆشیی ئێوە، شاییەكە بۆ من و جەهەندەمێكە بۆ ئێوە. كاتێكیش لەم یادەدا بتانبینم هەڵدەپەڕن، باش تێدەگەم ئەوە هەڵپەڕینە لەسەر ئاگر، نەك لەسەر ئاوازی مۆسیقا. پێویستە ڕیفراندۆمچییەكان ئەو ڕۆژەتان بۆ هەمیشە لێبكەنە دۆزەخ تاكوو واتان لێبێت، لە ئاوێنەشدا بوێریتان نەبێت تەماشای ڕووخساری خۆتان بكەن، ڕیفراندۆم تا ئەو كاتەی شەرمەزاریی هەمیشەیی نەكاتە خۆراكی ئەبەدیی ئێوە، بەردەوام دەبێت.

6- من دەمزانی سیاسەت لە دنیای ئێمەدا هەمیشە یەكسانە بە (ڕامكردن) و (فێڵ) و (درۆ)، بۆیەش لەبەرەی نەتەوەدا مامەوە، چونكە ئەوان دەنگیان بە (ئازادی) دا، نەك (فێڵ) و (درۆ)، ئەوان نە ڕام كراوبوون و نە گەوجینرابوون، بەڵكوو گوزارشیان لە ناخێك كرد و تینوێتییان بۆ ئازادییەك شكاند، كە بەری چەوسانەوەیەكی مێژوویی بوو. ڕێك لەو كاتەدا، كە ئەوان سیاسەتیان كردە كردەی واقیع بۆ سەلماندنی بوونێكی ڕاستەقینە، ئێوە لە شێوەی كۆمەڵێك ئەوباش و دەرمانخۆر و قۆشمەجاڕی فەیسبووكی و تۆڕی كۆمەڵایەتیدا، ڕەهەندە فێڵاوی و قۆشمەجاڕی و ڕامكەرەكەی سیاسەتتان خستەوە گەڕ، بەڵام نە قۆشمەجاڕی سیاسەتە و نە تۆڕی كۆمەڵایەتی جێگەی سیاسەتكردن و نە دەرمانخۆرانیش دەتوانن نەتەوە بەرەو كەشتی ڕزگاری، ببەن. مێژووش دادوەریی خۆی بەو جۆرە ناكات كە مشتێك هەرزەی سیاسی دەیانەوێت.

7- سوپاستان دەكەم، كە مرۆڤبوون و كوردبوونتان لەلا شیرینتر كردم. ئەگەر ئێوە نەبوونایە هێشتا دارەدارەی تێگەیشتنم لە خۆم و كوردبوون و مرۆڤبوونم دەكرد، ئێوە فێرتان كردم، كە دەبێت لە ئاست كوردبوونی ڕاستەقینەدا (گومان) بكەمە سەرمەشق، تاكوو بۆ هەمیشە لەسەر پێی نەتەوەیی خۆم بووەستم. چونكە هەموو كوردێك ناتوانێت كورد و مرۆڤ بێت، هەروەك چۆن ناشتوانێت ئازادی بكاتە سەرمەشق، ئێوە بیرتان خستینەوە، كە لە دەرەوەی ئازادی، جگە لە كۆیلەیی و خاكفرۆشی و نوكتەبازی و فوكاهەت و قۆشمەجاڕیی سیاسی و “جەمال لۆ مارێ”، هیچ شتێكی تر نییە. فێرتان كردین بۆ ئەوەی كورد و مرۆڤ و خاوەن كەرامەت بین، دەبێت ئێوە بناسین. ناسینی ئێوە پێشمەرجی كوردبوون ومرۆڤبوون و ئازادیخوازییە. ئێوە تەنیا شایانی ئەوەن ببنە وانەیەكی شەرمەزارانە لە سیستەمی خوێندنی ئێمەدا، لە قۆناغی زگی دایكەوە بۆ باخچەی ساوایان و بۆ ناو سیستەمی پەروەردەیی و ئەكادیمی، لەوێشەوە بۆ ناو یادوەریی هەمیشەیی مرۆڤبوون. سوپاس كە ئێوە وانەی (دەروونناسی ناپاكی)، (كۆمەڵناسیی ناپاكی)، (فەلسەفەی ناپاكی)، (مرۆڤناسیی ناپاكی)، (نیشانەناسیی ناپاكی) و (ئەدەبیانی ناپاكی)ـتان بۆ سەر كایە زانستییەكانی نێو سیستەمی پەروەردە و زانكۆكانی ئێمە زیاد كرد، ئەو سیستەمەی ئێوە نەكاتە بابەتی خوێندن، ئێوە لە بیری خۆی و نەوەكانی داهاتوو دەباتەوە، بەڵام بیرچوونەوەی ئێوە، خیانەتێكی گەورەیە لە ئازادی..

8- بۆی هەیە لەناو بەشێك لە نەوەی ئێستادا، كە سەرگەرمی دنیای دیجیتاڵی و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانە، پەسەندیی كارەكەتان بەدەست بهێنن و لە پای هەرزانكردنی هێڵی ئینتەرنێت و سەرگەرمكردنیان، ئەو ناپاكییەی كردتان لە بیریان ببه‌نەوە، بۆی هەیە ئەمەشتان وەك سەركەوتنێك بۆ ئەژمار بكرێت و ئەوەش پاساوێك بێت بۆ سپییكردنەوەی ناپاكییەكەتان، بەڵام مێژوو ئەوە نییە كە ئێوە بە دووبارەكردنەوەی وەك ڕاستیی مێژوویی، دەیخەنە ڕوو، چونكە نەوەی داهاتوو، كە ڕۆڵەی ئەو شەهیدانەن ئێوە بەسەر لاشەكانیاندا تێپەڕین و نەوەی ئەو پێشمەرگانەن كە ئێوە لەناو سەنگەردا نائومێدتان كردن، بە ئاسانی لەو مێژووە دروستكراوەی ئێوە خۆش نابن و تۆڵەی زامەكانی خۆیان لە نەوەكانی ئێوە دەكەنەوە.

داهاتووتان باش ناپاكان، لەناو ڕیسواییەكی هەمیشەییدا.

Back to top button