وەزیر عێراقی: باڤڵ تاڵەبانی لە دیداری خەزعەلیدا پشتیوانیی بۆ بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی هەولێر دەربڕیوە
وەزیر عێراقی كە كەسێكی نزیك لە میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێرانە و بەردەوام زانیاریی ڕاست و دروست لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاو دەكاتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ئاشكرای كرد كە باڤڵ تاڵەبانی لە دیدارێكی قەیس خەزعەلیدا، پشتیوانیی بۆ بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی هەولێر دەربڕیوە.
وەزیر عێراقی كە 252 هەزار فۆڵۆوەری هەیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس)، بەهۆی ئەوەی بەردەوام زانیاریی نهێنی ناو كۆبوونەوەكانی میلیشیا عێراقییەكان و حكوومەتی فیدراڵی و گەندەڵییەكانی عێراق بڵاو دەكاتەوە، میلیشیا عێراقییەكان بەدوایدا دەگەڕێن و نایدۆزنەوە، ئەمشەو نهێنییەكی لەبارەی باڤڵ تاڵەبانییەوە ئاشكرا كرد.
سەرچاوە ناسراوەكەی عێراق بڵاوی كردووەتەوە كە باڤڵ تاڵەبانی جارێك لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی سەرۆكی میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەقی سەر بە ئێران، كە یەكێك لە دوژمنە گەورەكانی هەرێمی كوردستانە، لەبارەی مووشەكبارانكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە قسەی كردووە و پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕیوە.
وەزیر عێراقی بە ڕوونی نووسیویەتی كە تاڵەبانی لەبارەی مووشەكبارانكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە خەزعەلی گوتووە لێدان باشە بۆ تەنبێكردن، خەزعەلییش پڕ بە دەنگی خۆی لە قاقای پێكەنینی داوە.