مەلا بەختیار: نەك پەكەكە یەكێتی و پارتیش بۆیان نیە كانتۆن لە شنگال دروست بكەن
خواكوڕك
لەدیمانەیەكدا لەگەڵ چەند میدیایەكی هەنگاری مەلا بەختیار كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەلێت نەك پەكەكە بەڵكو یەكێتی و پارتیش بۆیان نیە لە شنگال كانتۆنی دروست بكەن، كە لەكاتێكدا پارتی و یەكێتی بەسەدان هەزار پێشمەرگەیان هەیە لەناوچەكە و پارتیش حزبی براوەی هەڵبژاردن بووە لەو ناوچەیە ئینجا بۆیان نیە كانتۆن لە ناو باشوری كوردستان دروست بكەن و بلێن ئەوە سەر بەیەكێتیە و ئەوەش سەر بە پارتیە چونكە باشوری كوردستان حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی خۆی هەیە”.
لەبارەی شنگال، مەلا بەختیار داوا لە پەكەكە دەكات بە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی و یەكێتی و لایەنەكان كێشەی ئیداری و سیاسی شنگال چارەسەر بكات، مەلا بەختیار دەشلێت “نەك بە پێداگریكردن لەسەر ئەوەی كانتۆن دروستبكەن لە شنگال، لەڕاستیدا هیچ لایەنێك بۆی نییە ئەوە بكات لە شنگال. ئێمەش وەك یەكێتی بۆمان نییە، لەكاتێكدا ئێمە هەزاران هەزار پێشمەرگەمان لەو ناوچانە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نایەین بڵێین قەزایەك دروستدەكەین سەر بە یەكێتی بێت. پارتیش ناتوانێت ئەوە بكات، ئەگەرچی پارتی بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان حیزبی باڵادەست بووە لەوێ”.
هەر لەبارەی پەكەكە و حشدی شەعبی كە ئێستا بابەتی گەرمی میدیاكانن كە دەیانەوێت خەڵك ناونووس بكەن و شنگال بەئاراستەی كانتۆنی دا ببەن، مەلا بەختیار دەلێت حەشدی شەعبی یەك سوننەی تێدانییە تاوەکو ئێستا، یەك كوردی تێدا نییە بە بژاردەی كوردایەتی. (دەڵێم بە بژاردەی كوردایەتی) ئەوەی لەگەڵ ئەواندان، ئەو كوردانەن كە بۆ پارەو بیروباوەڕی مەزهەبی و تاییفی رۆیشتوون. ئێمە بەهیچ شێوەیەك تائێستا هانی یەك كوردمان نەداوە بچێت لەگەڵ حەشدی شەعبی بێت. بگرە پێشمان ناخۆشە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان حەشدی شەعبی هەبێت، چونكە پێویست ناكات، پێشمەرگە زۆر باشتر لە حەشدی شەعبی رۆڵی بینیوە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە”.
مەلا بەختیار باس لەدواین هەوڵەكانی كوردستان دەكات بۆ سەربەخۆی كوردستان و دەلێتوەك یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ستراتیژمانە، بەڵام پێمانوایە ناوچە كێشە لەسەرەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 پێش بكەوێت باشترە، مەلا بەختیار گوتیشی “ئەگەر ئەو ناوچانە نەخەینەوە سەر كوردستان، كێشەی گەورەمان بۆ دروستدەبێت لەكاتی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆییدا، چونکە شادەماری ئابووریی كوردستان كەركووكە، لەبارەی سەردانی بەغدا و چارەسەری كێشەكان بەدیالۆگ لەگەڵ بەغدا بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان، باسی دوایین سەردانی شاندی سیاسی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكات مەی بەختیار دەلێت “یەكەمینجارە گوێگرتن هەیە بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی. ئەم گوێگرتنە بووە مایەی گفتوگۆ، دوایین وەفدی باڵای كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی بارزانی، كە من ئەندامی وەفدەكە بووم، یەكگرتووی ئیسلامی و سۆسیالیست و بەڕێز كاك كۆسرەت، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، لەگەڵ لایەنەكان، بە سەرۆكی وەزیران و پەرلەمان و هەموو سەرۆكی حیزبەكانەوە، بەئاشكرا باسی سەربەخۆیی و ریفراندۆممان كردووە لەگەڵیان هەروها دەلێت ئەم دیالۆگە لەگەڵ بەغدا و حیزبەكانی بەغدا بەردەوام دەبێت، تاكە دەوڵەت و یەكەمین دەوڵەت، كە دەبێت بگەینە لێتێكگەیشتن لەگەڵیدا بەغدا و عێراقە، پاشان دەوڵەتە ئیقلیمییەكانی دیكەیە”.