پشتیوان سادق بۆ مامۆستایانی ئایینی: پێویستە بێدەنگ نەبین بەرانبەر بە پێنەدانی مافی شەرعی مووچەخۆران لەلایەن بەغداوە

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستایانی ئاینی دەکات و رایدەگەیەنێت: “مامۆستایانی ئاینی ئێمە بێبەرامبەر خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئاداری 2024 پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی خۆبەخشی ناوەندی شاری هەولێر کۆبووەوە و رایگەیاند، مامۆستایانی ئایینی لەنێو مزگەوتەکاندا بەوپەڕی گیانی ھاوکاری و خۆبەخشییەوە لەگەڵ خەڵک و رۆژوەواناندان، هاوکات ناوبراو پشتیوانی وەزارەتەکەی بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو دووپاتکردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ئەوقاف، ئاماژەی بە دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان عێراق کرد و گوتی: “لەسەر ھەموو لایەک پێویستە بەگیانی نیشتمانییانەوە بەرامبەر ئەو ستەمە بووەستینەوە، کە بە ناڕەوا دەکرێتە سەرمافی خەڵکی هەرێمی کوردستان”.

پشتیوان سادق گوتیشی: “مامۆستایانی ئاینی ئێمە بەگیانی بەرپرسیارانەوە مامەڵەیان کردووە، کە ئەمە بەشێکە لەئەرکی ئایینی و نیشتمانی، هەروەها پێویستە بەرانبەر بە پێنەدانی مافی شەرعی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، دەنگ ھەڵبڕین و داوای مافە یاسایی و شەرعییەکانمان بکەین.

وەزیری ئەوقاف جەختیشی کردەوە، “کە دڵنیان پشت بەخوای گەورە و ئیرادەی بەھێزی خەڵکە سەربەرز، ئاییندەی گەش ھەر بۆ کوردستانە”.

#Xwakurk #خواکوڕك

Back to top button