رێكخه‌ری خۆپیشاندانەكانی هه‌ڵه‌بجه‌: ئازادیی زۆنی سەوز تا ئەو شوێنەیە كە باسی بافڵ و قوباد تاڵەبانی نەكرێت

رێكخه‌رانی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لە هەڵەبجە و سلێمانی، دان بەو راستییەدا دەنێن كە ئازادییەكەی لە سنووری سلێمانی، ساختەیە و ئازادی تا ئەو جێگەیە هەیە كە زیانی بۆ سەرانی یەكێتی نەبێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئاداری 2024، ژمارەیەك لە مامۆستایانی بەناو ناڕازی ویستیان لە دەباشان و لەبەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی خۆپیشاندان بكەن، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی یەكێتییەوە دەستگیر كران. هاوكات ژمارەیەك مامۆستاش لە گەرمیان دەستگیر كران.

لەو بارەیەوە هادی حەمەڕەشید، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی خۆپیشاندانی مامۆستایانی بەناو ناڕازی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فه‌یسبووك) بڵاوی كردەوە: ”ئازادییەکەی یەکێتی و زۆنەکەشی هەر ئەوەندە بڕ دەکات کە باسی دەباشان و کوڕانی تاڵەبانی تێدا نەبێت!“

ئاراس حەسەن، مامۆستایەکی دیکەیە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە: ”یەكێتی خۆی مامۆستاكان لە دژی (هەژماری من) دەباتە سەر شەقام، هەر خۆیشی دەستگیریان دەكات تا بانگەشەی ئەوە بكات كە بە قسەی ئەو خۆپیشاندانیان نەكردووە، ئێوارەش بڵاوی دەكاتەوە كە بە هەوڵی جەنابی فڵان بەرەڵا كران، بێعەقڵی واش هەیە بڕوایان پێدەكات.“

لە لای خۆیەوە دڵشاد ساڵح، كە یه‌كێكە له‌ رێكخه‌رانی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لە سلێمانی، بڵاوی كردەوە: ”دەستگیرکردنی مامۆستاكان بێڕێزی یەكێتییە بە تەواوی مامۆستایان و مافە رەواکانیان، یەكێتی بانگەشەی ئازادی و مافی خەڵک دەکات لە میدیاکانەوە، لە واقیعیشدا دەنگە دلێرەکانمان دەخاتە زیندانەوە! بەم کردارانە رووی راستەقینەی رەشتان زیاتر بۆ هەموان دەركەوت.“

Back to top button