مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی بۆ دادگای فیدڕالی: بڕیاری تەوتین موعەلەب و پاکێج کراوە و بە درۆن فڕێ دراوەتە ناو دادگای فیدراڵی بۆ جێبەجێکردن

مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی پەیامێک ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەکات و لە بارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەکەوە دەڵێت: “کاتێک مووچە بکەن بە تەوتین، سووپا و شەقام و راگەیاندن و سەرمایەی وڵات و تەنانەت خواپەرستیەکەشتان تەوتین کرابێت.”

د. نەزاكەت حسێن، مامۆستای زانكۆی سلێمانی، لە پۆستێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، باس لەوە دەكات: “مووچەی تەوتین و بڕیاری تەوتین، دەڵێی لە دوبەی و لەندەن و ئەمستردام دانیشتووم و ئەم وشانە دەبیستم، بڕیاری تەوتین نەک موعەلەب و پاکێج کراوە، بە درۆن فڕێ دراوەتە ناو دادگای فیدراڵی و کاری تەوتین دروست دەکات.”

هەر لە نووسینەکەیدا ئەو مامۆستایە روونیکردووەتەوە: “مووچە کاتێک بکەن بە تەوتین، سوپا و شەقام و راگەیاندن و سەرمایەی وڵات و تەنانەت خواپەرستییەکەشتان تەوتین کرابێت، بەغدا بکەن بە دوبەی ئنجا باسی مووچەی تەوتین بکەن، هێشتا بە تەنەکە لە شەقامی کەرادە و گەڕەکە بەناوبانگەکانتان خۆڵ لە سەرەنوێلکە دەڕژن، باسی مووچەی تەوتین دەکەن.”

مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانی لە کۆتایی نووسینەکەیدا، رووی قسەكانی لە بەرپرسانی عێراق كردووە و دەڵێت: “نەخۆشخانەکانی کوردستان نەبێت، نەخۆشەکانتان هەموو دەمرن، داڵدەی کوردستان نەبێت بۆ خەڵکەکەتان، رۆژانە لەناو بازاڕەکانتان لافاوی خوێن دروست دەبێت، نیوەی خەڵکەکەتان لە ترسی بکوژی و ببڕی و بێیاسا و دادگا و پاشاگەردانی هاتوون لە سایەی ئارامی کوردستاندا دەژین، مووچە و پارەکانتان لە توورەکەیەکدا بەدەستانەوەیە و دێنن لە هەولێر و بازاڕەکانی کوردستان خەرجی دەکەن و سەرمایەگوزاری تێدا دەکەن، ناوێرن لە ماڵ و بانكەکانتان دایبنێن، نەتانتوانیوە پارکێک بۆ پشوودانی خەڵکەکەتان دروست بکەن، تا پشووی تێدا بدەن، لەگەڵ دەركەوتنی خۆرەوە هەموویان بۆ گەشت بۆ کوردستان رادەكەن، تا هەناسەیەک بدەن، تەوتین تەوتینتان لە چییە؟ وشەکەش عەیبدار مەکەن.”

Back to top button