دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: ئیدانەی توندوتیژی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بەرامبەر بە مامۆستا و رۆژنامەنووسان دەكەین

لە راگەیاندراوێکدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئیدانەی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کرد و داوا کات “هەرچی زووە سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان.

دەقی راگەیاندراوەکە:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی هەڵسوکەوت و توندوتیژیەکانی دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی دەکات بەرامبەر خۆپشاندەران و رۆژنامەنوسان

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 25 ی ئازار ژمارەیەک مامۆستا لەشاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ مەبەستی داوا کردنی موچەو بەرامبەر خراپی ژیانیان.

بەداخەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشی سلێمانی رووبەڕووی توندوتیژی بونەوە و ژمارەیەک لەو مامۆستایانەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیر کران.
لەهەمان کاتیش لەناو خۆپیشاندەران ژمارەیەک لەدەزگاکانی راگەیاندنیش رووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە و دەست بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانیەکانیان داگیرا.
ئێمە وێڕای ئەوەی پاڵپشتی لەهەر خۆپیشاندان و گردبونەوەیەکی مەدەنی و یاسایی دوور لەتوندوتیژی دەکەینەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان.
لەهەمان کاتدا ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژیەک دەکەین کە بەرامبەریان کراوەو ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و توندوتیژیانە دوورن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و رێکارە یاساییەکان و ئازادی رادەربڕین.

لێرەوە داوا دەکەین هەرچی زووە سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناو کەس و کاری خۆیان.
ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دووپاتی دەکەینەوە کە تا ئێستاش حاڵەتەکانی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان بەردەوامە بەتایبەت لەکاتی خۆپیشاندانەکان، چەندان جاری تریش داوامان کردووە ناکرێ بەو شێوەیە مامەڵەو هەڵسوکەوت بکەن کە جگە لە نیگەرانی ناوخۆیی کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسیە لەهەمان کاتدا لە ئاستی نێو دەوڵەتی و رێکخراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤیش بۆتە جێی سەرنج و رەخنەو کاریگەری دەبێت لەسەر ناوبانگی ئەو ئازادی و دیموکراسیەی کە لە هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین.

لەڕێگەی نوسینگەی سلێمانی دەستەکەمانەوە بەووردی چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان لەسەر خەت دەبین بۆ سۆراخی دەستگیر کراوەکان.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
25ی ئازاری 2024

Back to top button