سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
تەوەرێکی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە ، کە ئێمە داکۆکی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و یاسایی و دادپەروەرانە دەکەینەوە کە مافی هەموو لایەنەکان و گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت.