سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا داوا لە بایدن دەکەن، پشتیوانی لە کورد بکرێتە پێشمەرجی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
وا بڕیارە 15 ـی نیسانی داهاتوو، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە.
لەوبارەیەوە هەشت سیناتۆر و کۆنگرێسمانی ئەمریکا، نامهیەک ئاراستەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن و داوا دەکەن، کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و پشتیوانی لە کورد بکرێتە پێشمەرجی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن.
ئەو سیناتۆر و کۆنگرێسمانانە لە نامەکەیان بۆ بایدن داوای ئەوەش دەکەن کە، عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەستپێبكرێتهوه.
پێشتریش، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا داوای لە سوودانی کرد، کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، دواتر سەردانی واشنتن بکات.
به شێك له ناوەڕۆكی نامەكە:
هێشتا حکومەتی عێراقی نزیکترین دۆستی ئێرانە و ساڵانە سێ ملیار دۆلار دەداتە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
ئەو میلیشیایانە زیاتر لە 180 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکییەکان و هەروەها کوردستان.
چاوپۆشی لەوە دەكەن كە عێراق کارەبا و گازی سرووشتی لە ئێران دەکڕێت و دۆلاری دەداتێ.
هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرینگە لە ناوچەکە.
حکومەتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ ئێران دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان کاردەکات، پارەی لە خەڵک بڕیوە و بۆری گواستنەوەی نەوتی بۆ تورکیا راگرتووە لە کاتێکدا ئەوە کۆڵەکەی ئابووری کوردستان بوو.
دەبێ دەستبەجێ کەمکردنەوەی نفوزی ئێرانی و پاڵپشتی هاوبەشە کوردەکانمان بکەیتە پێشمەرج بۆ هەر سەردانێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
دەبێ وابکەیت دەسبەجێ عێراق بەشە پارەی کوردستان بدات و وابکات ئەو نەوتە گلدراوە بفرۆشرێت کە لە بەندەری جەیهان ماوەتەوە.
نابێ بهێڵی لەوە زیاتر دۆلار لەرێی عێراقەوە بگاتە ئێران.