کارزان هادی: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران کاریگەریی لەسەر بووژاندنەوەی بازاڕ دەبێت

سەرۆکی شارەوانی هەولێر رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کرێی کۆن و تازە و رسووماتەکانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 30ی ئاداری 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دوو بڕیار لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریان پەیوەست بوون بە سەرۆکایەتی شارەوانیمان، کە بریتی بوو لە لێخۆشبوونی 20% لە کرێگرتەکانی شارەوانی.

روونیشیکردەوە، “ئەو بڕیارە تەنیا کرێ ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم رسووماتەکانی وەک خۆڵ و خاشاکە، ڕسووماتی تابلۆیە، ڕسووماتی پیشەیە، هەروەها کرێش دەگرێتەوە.”

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاشکراشی کرد: “ئەو کرێیە هی ئێستا و ئایندە نییە بە تەنها، بەڵکو کرێی کەڵەکەبووی ساڵانی ڕابردووش دەگرێتەوە، بەدڵنیاییەوە دەرکردنی ئەم بڕیارانە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر بووژاندنەوەی بازاڕ،  کاروباری کاسبکاران و چینی کەمدەرامەت و پیشەوەران.”

کارزان هادی گۆتیشی، لە رابردووشدا، دووجار لە کابینەی نۆیەمدا داشکان بۆ هاووڵاتییان کراوە، بەڵام ئەوان بەڕێژەی 15% بووە، هی ئەمجارە 20% کە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دەرکراوە.

Back to top button