سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە
ئەمڕۆ شەممە 30ی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەنۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی رێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) کرا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت چیتر مافەکانی پێشێل بکرێت کە لە دەستووردا زۆر بە روونی دانیان پێدا نراوە.
باڵیۆزی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە رێگەی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور دەربڕی.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، کە ئێمە دوو ساڵە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستوورین کە لە هەلومەرجێکی رەوا و پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.