پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 30ی ئاداری 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانەکانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات.
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە بۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێ بێت) گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەكەم. هاوكات بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ و جەژنەكانی ئەكیتۆ پیرۆزبایی لە گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.
لەو بۆنەیەدا هیواخوازم كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان كوردستان و عێراق پارێزراو و پتەوتر ببێت و وێڕای دووپاتكردنەوەی پشتیوانی خۆم بۆ ماف و داوا رەواكانی هەموو پێكهاتەكان جەختیش لەوە دەكەمەوە كە لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەك نابێ پاشەكشە بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و مافی خوشك و برا كریستیانەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی تری كوردستان و عێراق بكرێت.
مەسعود بارزانی
30ی ئاداری 2024
.