مەلەف و گەندەڵییەکانی بانکی رافدەین بەبەڵگە بڵاو کرایەوە
مەلەف و گەندەڵییەکانی بانکی رافدەین بەبەڵگە بڵاو کرایەوە، رۆژنامەنووسێک لەژێر ناوی :” بانکی رافدەین ، بۆمبە تەوقیتکراوەکەی گیرفانی فەرمانبەرانی هەرێم “مەلەف و گەندەڵیەکانی بەبەڵگە” ! ئاشکراکردووە و دەڵێ : پارەدانان لە ڕافدەین وەک دانانی پارە لەگیرفانی “سلێمان هەڵشۆیدایە” و بانکەکە خراپترین و گەندەڵترین بانکی عێراقە بەلێکۆڵینەوەکانی نەزاهە.
رۆژنامەنووس، بەشدار بازیانی، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند:” پێش ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەری داماوی هەرێم جارێکی تر لە ململانێیەکی سیاسیدا بکرێنە قوربانی بەئەرکی ڕۆژنامەوانی خۆمم زانی بنکۆڵی ڕاستیەکان بکەم و بەدوای باش و خراپیەکانی ئەو بانکانە بگەڕێم کە پيشنیار کراوە موچەی داهاتووی خەڵکی کوردستانی بخرێتە سەر !
ئەوەشی ئاشکرا کردووە:” بەپێی ئەو بەدواداچونە ووردەی کردومە و ئەو مەلەفانەی نەزاهە و لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی و مەکتەبی وەزیری دارایی کەهێناومن “بانکی ڕافدەین ” خراپترین و گەندەڵترین و لاوازترین بانکی عێراقە و نەک توانای وەرگرتنی ئەو هەموو فەرمانبەرەی هەرێمی نیە بەڵکو خۆی لە لێواری حەیاچونێکی گەورەی مێژووی و داڕوخانێکی ئابڕوبەرانەدایە ،
ــــ گەندەڵیەکانی بانکی ڕافدەین بە ژمارە…
ــ بانکەکە لەمانگی ئازاری ٢٠١٤ تا ئێستا هیچ سەرۆکێکی نەبوە نەگلابێت لە فەزاحەت و گەندەڵی گەورەی ئابروبەرانە (لە بەڵگەنامەی یەکەم و سێیەم و چوارەم هاتووە )
بەڕێوەبەرە حەیاچوو گەندەکان کەدراون بەدادگا ( باسم کمال مهدی 2016، خولة طالب الاسدي2018 ،حسين علي محيسن كنون الزبيدي2020 ،أفراح محمد عبد2019 ،عبدالحسن جمال2021 ،محمد سمير عباس، ئەمە لەناو فەردەدا پارەی دزیبوو گیرا )
ــ (دزی سەدە ، دزیە زەبەلاحەکەی سەردەمی کازمی لەو بانکەدا ڕوویدا )ئەو دزیەی کەتێیدا “دوو ملیارد و دوو سەد ملیۆن دۆلار” بەکاشی لەپارەی کۆکراوەی زەریبەی دەوڵەت لەلایەن پێنج کۆمپانیا لەسەردەمی کازمی برا .
ــ بە گوێرەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی دەستەی نەزاهەی عێراقی لەو بانکەدا لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوو ( یەک ملیارد و سەد و سی و پێنج ملیۆن دۆلار ) دیار نەماوە و لەسەر ئەوەش دوو سەرۆک و بیست و هەشت بەڕێوەبەری بەش دراونەتە دادگا ( فەزاحەتەکەی شەش سەد ملیۆن دۆلارەکەی کۆمپانیای عەشتار و قەزیەی چەکە تەزویرەکان )
ــ حالیەن لە ئێستادا طيف سامی لیژنەیەکی تەحقیقی گەورەی لە بیست و یەک فەرمانبەری باڵا پێکهێناوە لەسەر مەسەلەی (بەکارهێنانی ئەکاونت و هەژماری بەشداربوانی بە بێ ئاگاداری خۆیان بۆ دەربازکردنی دۆلار بۆ دووبەی + دزی بەکاش + دەسکاری کردنی حیسابات )
ــ لەمانگی ئایاری 2022 تا ئێستا ( سێ جار سیستمی گشتی بانکەکە هاککراوە و دواتر و دوای بردنی شەست و شەش ملیۆن دۆلار گەڕێندراوەتەوە ، مەلەفی تەحقیقی ئەمەش لەخوارەوە دانراوە و هاک نەبوە چونکە کارمەندی ئایتیەکە هەڵهاتوە )
ــ طيف سامی لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٣ لیژنەی لەسەر سەرۆکی بەشی هەژمار ( حبیب احمد حبیب ) پێکهێناوە ئەزانن بۆچی ؟
حەبیب 1677 هەژماری ساختەی دروست کردوە و پارەی پێ دزیوە و دۆلاری پێ ڕاکێشاوە لەو کاتەی دۆلار دەبرایە دووبەی ( بەڵگەکەم داناوە )!
ــ بەگوتەی دەستەی نەزاهە و نوسینگەی سەرۆک وەزیران و بەشی بانکی لە وەزارەتی دارایی لەپار ساڵەوە هەژماری ٦٣٣٤ کەس بێ ئاگاداری خۆی بەکارهێندراوە و پارەی بێ براوە !
ــ لە کۆبونەوەی ڕۆژی ٢١ی ١١ی پارساڵی نێوان سودانی و سەرۆکی دەستەی نەزاهە ، سەرۆکی دەستە گوتویەتی بانکەکە ٣٤ سکاڵاو ١٣٥ کەیسی هەیە و لەبەر گوشاری مافیای دۆلار ( ع،م ) ناتوانن کەیسەکان بیجوڵێنن و داوای هاوکاریان لە محمد شەیاع سودانی کردوە .