سەرۆكی لیستەكەی یەكێتی لە سلێمانی پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوە

میدیاكانی سنووری سلێمانی بڵاویان كردەوە كە ئەو لیستەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەشی كردووە، لە پارێزگای سلێمانیدا لە لایەن میران محەمەدەوە سەرۆكایەتی دەكرێت كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بوو و یەكێك بوو لەو سەركردانەی پێش رووداوەکانی ۸ی تەمووز لە لاهوور جەنگییەوە نزیك بوو.

بەپێی بەدواوواچوونی دەزگای میدیای “خواکوڕک” میران محەمەد پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بووە. لە 29ی تەمووزی 2021 و چەند ڕۆژێك دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمووز، لە لایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە سلێمانی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ میران محەمەد دەركراوە.

لەمبارەیەوە كەناڵی (كوردسات نیوز)ی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە كە بڕیاری دەستگیركردنەكە بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاکی دەركراوە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی چەک و خەرجکردنی چەکی بەڵێندەران، کە شیاوی خەرجکردن نەبووە و چەکی بازاڕ بووە، کە بە نیوە قیمەت یان کەمتر لە بەهای خۆی کڕدراوەتەوە و دواتر بەنەختینەیی و بە پشتیوانیی میران محەمەد خەرج کراوە.

كەناڵەكەی یەكێتی جەختی كردووەتەوە: بەپێی یاسا، ئەم کارە بە تاوان ھەژمار دەکرێت و بەکارھێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستھێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (کسب غیر مشروع).

دەزگایی میدیای “خواکوڕک” زانیویەتی كە هۆكاری جووڵاندنی كەیسی دادگا لە دژی میران محەمەد، پەیوەندیی بەوەوە هەبووە كە میران محەمەد سەر بە لاهوور جەنگی بووە و بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی دادگاوە فشاری لێ كردووە، هاوكاتیش لە پۆستە حزبییەكەی لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لادراوە. پاش ئەوەیشی وازی لە لاهوور جەنگی هێناوە و چووەتە بەرەی بافڵ تاڵەبانی، سەرجەم تۆمەتەكانی لەسەر لاداوە.

ئەوەی شیاوی باسە: سەرۆكایەتیكردنی لیستی حزبێك لە لایەن كەسێك كە پێشتر لە لایەن خودی حزبەكەی خۆیەوە تۆمەتی گەندەڵیی ئاراستە كراوە، مایەی گاڵتەجاڕییە و تەنیا حزبێك كە ئەم كارەی لێ بوەشێتەوە، ئەو حزبەیە كە كەسێكی وەك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتیی دەكات!

No description available.

Back to top button