نازم هەرکی: پارتی دوو ساڵە داوای هەڵبژاردن دەكات، كەچی لەسەر داوای یەكێتی هەڵبژاردن دواخراوە

بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی ماوەی دوو ساڵە داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، كەچی لەسەر داوای یەكێتی هەڵبژاردن دواخراوە، دەمگەرمی سەرانی یەكێتی، ”هی فلاشەكەیە، چونكە دەزانن ئەنجامەكانیان بۆ ئامادە كراوە.“

نازم هەرکی، بەرپرسی لقی 17ی پارتی راگەیاند: “هەڵبژاردن مافی هەموو هاووڵاتییەكە بۆ دەستنیشانكردنی نوێنەرەكانی خۆی، لەم روانگەیەوە پارتی دوو ساڵە داوای هەڵبژاردن دەکات، بەڵام بەداخەوە چەندین جار لەسەر داوای یەكێتی هەڵبژاردن دواخراوە.”

”لە دوو ساڵی رابردوودا یەكێتی لەبەر كێشە ناوخۆییەكانی، پەنای بۆ هەموو شتێک برد تا هەڵبژاردن نەکرێت، چونکە تووشی هەرەسێکی گەورە ببوون، بەو جۆرەش چارەگێکی کورسییەکانیان نەدەهێنا، لەبەر ئەوەی باڵێکی دیکەیان لێ جیا ببووەوە و جەماوەرەکەیان پەرت و بڵاو ببوو، پارتی دیموكراتی كوردستانیش رەچاوی ئەوەی كرد كە دۆخی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە بڕیارە چارەنووسسازەكان بە كۆدەنگی و یەكڕیزی بدرێت، بەڵام لە لایەن یەكێتییەوە مەبەستەكە ئەوەبوو كە بە دادگای بەناو فیدرالی و میلیشیاکانەوە فشار دروست بکەن و دۆخێکی وەکو ئێستا دروست بکەن کە ئەنجامی هەڵبژاردن پێشوەختە لە قازانجی خۆیان مسۆگەر بکەن، بۆیە دەمگەرمی ئێستای سەرانی یەكێتی هی فلاشەکەیە، چونکە ئەنجامەکانیان لە لایەن ئێران و میلیشیاکانەوە بۆ ئامادە كراوە؟“ بەرپرسی لقی 17 وای گوت.

زیاتر روونی کردەوە، کە پارتی هیچ کات لە هەڵبژاردن نەترساوە و لە ساڵی 1991ـەوە یەكەمین حیزب بووە داوای هەڵبژاردنی كردووە، ”ئێمە پشتڕاستین ئێستا بچینە هەڵبژاردنەوە زۆرینەی کورسییەکان دەهێنین، بەڵام ناچینە ژێر باری بڕیارێکی نادەستووری دادگای بەناو فیدراڵ و سەپاندنی دەرەنجامێکی دروستکراو بۆ هەڵبژاردن. ئێمە هەمیشە گوتوومانە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردن دیموکراسی بێت و پەرلەمانێك پێك بێت كە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات، ئەی چۆن بە فێڵێکی وا رازی دەبین، کە دەرئەنجامەکان لە فلاشێکدا ئامادە کرابێت. پارتی هیچ کاتێک ئەوە قبووڵ ناکات و ناچێتە ژێر باری هەوڵێكی لەم شێوەیە.“

Back to top button