سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی فەڕەنسا لە شاری هەولێر دەكات
رۆژی دووشەممە 1ی نیسانی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز یان برایێم كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لەدیدارەكەدا رۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن و كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن. هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ستایشی رۆڵی فەڕەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسای بە پەیوەندییەكی مێژوویی و بێوێنە وەسف كرد. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام رێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقی كورسیەكان و سەپاندنی رێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی راستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەردارتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانە چارەسەر بكرێت و ئیرادە و دەنگی راستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت. داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و راستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی راستەقینەی گەلی كوردستان بێت.