شیرین فواد مەعسووم: هەڵبژاردن بەبێ پارتی، هیچ شەرعیەتێكی ئەخلاقی و یاسایی نابێت
شیرین فواد مەعسووم، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت : هەڵبژاردن بەبێ پارتی، هیچ شەرعیەتێكی ئەخلاقی و یاسایی نابێت، دەشڵێ: پارتی بیر لە گیرفان و مەرز و دروستکردنی میلیشیا و لەتکردنی نیشتمان ناکاتەوە“
شرین فواد مەعسووم، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا)رایگەیاند: ”پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردن، ڕێگری لەو پلانانە دەکات کە دژ بە قەوارەی كوردستان، لە لایەن دەستێکی دەرەکییەوە پلانی بۆ دانراوە.”
دەشڵێ:” پارتی ”جیا لە حیزبەکانی تر، ئەمانەتی خاک و نیشتمانمان لەسەر شانە، بۆیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی هیچ شەرعیەتێکی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت.”
باسی لەوەشکردووە:” پارتی وەک حیزب و وەکوو نوێنەری کورد، هەڵوێستەکانی دەڕدەبڕێت و بیر لە گیرفان و مەرز و دروستکردنی میلیشیا و لەتکردنی نیشتمان ناکاتەوە. پارتی وەک خاوەنی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان و خاوەن دەوڵەت بە بەرپرسیارێیتییەوە بڕیار دەدات، بۆیە هیچ کەس و هێز و لایەنێکی دەرەکی و ناوەکی توانای ئەوەیان نییە هەرێمێك هەڵبوەشێننەوە كە بە خوێنی گەل دروست بووە.“
شیرین فواد مەعسووم زیاتر دەڵێ: ”پارتی حیزبێک نییە کاتی ئەوەی هەبێت بیانوو بگرێت. پارتی داوای ڕەوا و فەرمی هەبووە، بە جێبەجێنەکردنی داواكانیشی، بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات. بۆیە بڕوای تەواوم هەیە كە شکۆی ئەم پرۆسەیە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ئەگەر ئەنجام بدرێت. ئێمە هەموومان لە پارتی قوتابی ڕێبازێکین کە نە دەزانین خۆ چەماندن چییە، نە دەزانین ببین بە نۆکەری ئاغا و سیغەکانیش.
دەشڵێت:” ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 76 ساڵ خەبات و شکۆ و قوربانیدانین، هەڵبژارنەکانی پێشووتر شایەدیی ئەوەمان بۆ دەدەن کە کێ دەترسێت و کێ پەنای بۆ وڵاتان بردووە تا ژمارەی کورسییەکانی بۆ زیاد بکات.”
لە کۆتایی قسەکانیشی جەختیكردۆتەوە، پارتی لەوەتەی هەیە، نە ترسی لە دەستکەوتی حیزبی هەیە، نە بیریشی لێ دەکاتەوە، چونکە چەندان جار بەشداریی هەڵبژاردنی کردووە. پارتیمان ئیمانی تەواوی بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی هەیە، لە هەڵبژاردن چەند كورسی بهێنێت ئەوە کێشە نییە، کێشەکەی ئێمە ترسە لە سڕینەوەی یەکجاریی پێکهاتەکان و ڕێگەنەدان بە بەشداری کردنی هەزاران دەنگدەر.”