مەترسییەکی گەورە لەسەر ئابووری عێراق ئاشکرابوو… ئەمریکا هەژمارە بانکییەکەی عێراقی داخست

لە نووسراوێکی بانکی ناوەندی ئاشکرا بووە کە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ناردووە تێدا باس لەوەدەکات کە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئابووری عێراق و بەتایبەتی ئەو داهاتە هەیە کە حکومەتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستیدەکەوێت.

لە نووسراوەکە کە واژۆی عەممار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی لەسەرە و، رۆژی دووشەممە، 18-3-2024 دەرچووە، تایبەتە بەو هەژمارە بانکییەی کە عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەیەتی و داهاتی نەوتی تێدا کۆدەکاتەوە کە بە دۆلارە، دواتریش بەپێی پێویستییەکانی خۆی و بەگوێرەی رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا ئەو دۆلارە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاردەهێنێت.

لە نووسراوەکە باسی لەوە کردووە، ئەمریکا ئەو هەژمارەی داخستووە کە تا ئێستا داهاتی نەوتی عێراقی تێدا کۆکراوەتەوە، هەژمارەکە بە ناوی (دی ئێف ئای)یە واتە سندووقی گەشەپێدانی عێراق لە ساڵی 2003ەوە کاری پێ دەکرێت و لەژێر چاودێری و پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکادا بووە.

Back to top button