سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە هەولێر دەکات

رۆژی سێ شه‌ممه‌ 2ی نیسانی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز یاکۆ بێریندز کونسوڵی گشتی هۆڵەندا و کلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

لەدیدارەكەدا رۆشنای خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان. هەروەها ئاماژە بە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا و هەردوو کونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا پاڵپشتی وڵاته‌كانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە راگەیاند بە جۆرێک کە نوێنەرایەتی رووی دیموکراسی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش بە هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ستایشی رۆڵی هه‌ردوو وڵاتی هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیای دۆستی کرد لە پاڵپشتیکردنی دۆزی گەلی کوردستان. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنە لە کوردستان، و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام رێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی زیاتر له‌ چوارسه‌د هه‌زار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی رێکار و میکانیزم و رێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی راستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێک و داڕشتنێکی پێشوەختە. بە پێویستشی زانی كە هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانەی مه‌له‌فی هه‌ڵبژاردن چارەسەر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسەكه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئیرادە و دەنگی راستەقینەی گەلی كوردستان بكات، به‌ شێوه‌یه‌ک کە لە خزمه‌تی دیموکراسی و شەرعیەتی دامودەزگاکانی هەرێمدا بێت.

Back to top button