وەزیری شارەوانی: دابەشكردنی زەوی سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران و جوڵەی ئابووری و جووڵەی بازاڕ دەبێ
دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی نیسانی 2024، کۆبوونەوەیەکی فراوان تایبەت بە دابەشکردنی زەوی، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەچوو و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ پرۆسەکە دەستیپێكرد.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی، راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی یاسا و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا تیشكی خستە سەر گرنگی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی و ئاماژەی بەوە كرد كە: “دابەشكردنی زەوی، وێڕای ئەوەی سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران دەبێت، هاوكات كاریگەری زۆری لەسەر ئابووری و جووڵەی بازاڕ و گەشەپێدانی سنووری شارەوانییەكانیش دەبێت.”
هاوکات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەبووانی كۆبوونەكەی راسپارد كە بەزووترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا رێكارەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكومەت سوودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت.
ساسان عەونی سەبارەت بە نەخشەی كەرتی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر لە ئێستاوە دەبێت رەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت و لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە سەرنجی خۆیان سەبارەت بە شێوازی ئامادەكارییەكە و گرفتەكانیان خستەڕوو و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دروستكردنی لیژنەی تایبەت لە سنووری شارەوانییەكان كردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە خێرایی و بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.