سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات

رۆژی چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و خاتوو جنین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و راشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێی پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی روونكردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە دادگای فیدڕاڵ شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە رێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیەنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە. دەبێ مافی پێكهاتەكان رەچاو بكرێن چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن. پەرلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پەرلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانی جەختی لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە لە هەرێم پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە رایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین. سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و جەختی كردەوە كە لە عێراقدا رێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیری هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكارهێناوە.

لەدرێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی بەپێویستی زانی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكییەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.

لەبەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند كە كێشەی مووچەی لە راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش باس كردووە  و ناكرێ جیاوازی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق باس بكات. هەروەها پێشنیاریشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینی لەسەریان هەیە.

لەو كۆبوونەوەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموكراسی و سەقامگیری هەرێم پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.

Back to top button