راگەیاندراوێک لە سەرۆکی حکومەتی هەريمی کوردستانەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە 3ی نیسانی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا سوپاسی خۆڕاگری مووچەخۆرانی کوردستان کرد و رایگەیاند “هەوڵ دەدەین پێش جەژنی رەمەزان مووچەی مانگی 3ـش دابەش بکەین”.

دەقی راگەیاندراوەکە:

دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاری هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدرال و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.

سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەرێز محەمەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانه دەکەم کە هاوکار بوون تاکو پێکەوە بتوانین بە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین.

لە ماوەی رابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم.

لەم دوو رۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/4/3

Back to top button