مەسرور بارزانی: جینۆسایدی کوردی فەیلی بەشێکە لەو تاوانانەی بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردستان ئەنجامدرا
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلی پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: “جینۆسایدی کوردی فەیلی، تاوانێكی لەبیر نەکراوە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی 4ی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلی پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: لە 44ەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو ئەو خوشک و برایانەی کوردی فەیلی دەکەینەوە، کە لە شاڵاوێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق، تەنیا لەبەر کوردبوونیان و پشتگیریکردنی شۆڕشی گەلی کوردستان، دووچاری گرتن و کوشتن و بێسەروشوێنکردن و لێسەندنەوەی ناسنامە بوونەوە.
سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی خستووەتە ڕوو: جینۆسایدی کوردی فەیلی، تاوانێكی لەبیر نەکراوە و بەشێکە لەو تاوانانەی کە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردستان ئەنجام درا، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کوردی فەیلی و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس بکاتەوە.
مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە: لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.