بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا: پرۆژەی هەژماری من هیچ کێشەیەکی نییە و بەردەوامە
بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا جەخت دەکاتەوە كە پڕۆژەی “هەژماری من” بەردەوام دەبێت و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدایش لەمبارەوە بەردەوامن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی نیسانی 2024، فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن و شاندی حكومەتی هەرێمیش كە لەبەغدا بوون، لەسەر شێوازی ناردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ رێككەوتوون.
بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم ئەوەیشی بە رۆژنامەنووسان راگەیاند، پڕۆژەی هەژماری من وەك خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سیستمی بانكییەوە.
فارس عیسا روونیشی كردەوە، سەرۆكی بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی پڕۆژەی هەژماری منەوە دووپاتی كردووەتەوە كە پێشتر لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستپێكردنی پڕۆژەكە هاوئاهەنگییان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە و هیچ كێشەیەك لە پڕۆژەكەدا نییە.