حکومەتی هەرێم : پڕۆژەی هەژماری من.. تا كۆتایی ئەمساڵ هەزار ئامێری پارەدەر دادەنرێت

لە راگەیاندراوێکدا سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ، رایگەیاند: تا كۆتایی ئەمساڵ هەزار ئامێری پارەدەر لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانی دەستیان بە مووچەكانیان بگات.

راشیگەیاندووە:” پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە “هەژماری من” کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە 260 هەزار کەس و 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

ئەوەشی خستۆتەروو :” تا کۆتاییی ساڵی 2024 نزیکەی 1000 ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحییەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

دەشڵێت:” ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تا ئێستا بریتین لە (BBAC – NBI – RT – Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دانپێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە:” ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

دەشڵێ:” لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:

1- دەستراگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.

ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.

2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/ پێشینەی جۆراوجۆری بانک.

3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.

4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جووڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.

Back to top button