ئەمینداری گشتی حیزبێکی عێراقی: بافڵ تاڵەبانی و عەسائیب ئەهلی حەق هەڕەشەیان لە لەتیف رەشید کردووە

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو و ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، كەسێكی بە ناوی ئەحمەد جبووری ناسراو بە (ئەبوو مازن) وەك پارێزگار هەڵبژارد، بەڵام لەتیف رەشید، سەركۆماری عێراق بە پاساوی (بوونی حوكمی دادگا و كۆتوبەندی تاوانكاری) رەتی كردەوە مەرسوومی كۆماری بۆ دامەزراندنی وەك پارێزگار دەربكات، ئەمەش وایکرد ئەحمەد جبووری لە خۆبەربژێركردن بكشێتەوە.

لەو بارەیەوە ئەبو مازن كە ئەمینداری گشتی پارتی جەماوەری نیشتمانییە، لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە لایەن عەسایب ئەهلی هەق و بافڵ تاڵەبانی و كەسانێكی نێو سوننەوە، فشار لە سەركۆماری عێراق كراوە و هەڕەشەی لێ كراوە تاوەكو مەرسوومی كۆماری بۆ دەستبەكاربوونی ئەو وەك پارێزگاری سەڵاحەدین دەرنەكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە بە سەركۆماری عێراقیان گوتبوو، ئەگەر مەرسوومەكە دەربكەیت، ”ئیتر پێت دەڵێن سەركۆماری پێشووی عێراق“ ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەكردن بە لەكارلادانی سەركۆمار.

Back to top button