وەزارەتی شارەوانی: بڕیارە گرنگەكەی حكومەت لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بڕیارێكی دیکەی گرنگی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان لەگەڵ كرێی ئاو و خاشاك و رسوماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی نیسانی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (4651 لە 7/4/2024)ـی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە ئیمزای ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی، لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا داوا دەكات لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت.
لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە رێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان لەمڕۆوە (8/4/2024) لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت.