مەسرور بارزانی: سوپاسی پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان دەکەم کە یارمەتیدەر بوون لە تێپەڕاندنی دۆخی سەختی ئابووری
مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزان بڵاو كردەوە و سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستانی كرد کە هاوکار و یارمەتیدەر بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆكی حكومەتدا هاتووە: “بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەموو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەک لە جیهان.”
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە “سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی رووبەڕوومان بووەوە. هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی مووچە کە مافێکی رەوا و دەستووری خەڵکە ، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی، لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان وەربگرن.”
لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆكی حكومەت نووسیویەتی: “ئومێد دەکەین ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەموو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکتێگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە، چارەسەر ببن. جەژنتان پیرۆز و خوای مەزن كوردستان بپارێزێت.”
#Xwakurk #خواکوڕك